"تاكه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ى بڕ و نرخ و كوالێتی سوتەمەنى ئەوەیە نه‌وتی خاو بدرێته‌ پاڵاوگه‌ ناوخۆییه‌كان"

07/06/2022


سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ تاكه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ى بڕ و نرخ و كوالێتی سوتەمەنى کۆبونەوە و بڕیاردانى ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌رێمی نه‌وت و گازە بەوەى به‌شی پێداویستی ناوخۆ، نه‌وتی خاو بدرێته‌ پاڵاوگه‌ ناوخۆییه‌كان.

کەریم عەلى، سەرۆکى لیژنەى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات کە گرفتى سوتەمەنى مێژویەکى درێژى هەیە و لە یەکەم کابینەى حکومەتەوە بەردەوامیی هەیە، بەڵام ئەگەر پێشتوتر بیانویه‌ك هه‌بوبێت، ئێستا بیانو نییە و سزادانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردسانه‌، چونكه‌ ئێستا هه‌رێم له رێگه‌ی بۆرییه‌و رۆژانه‌ نزیكه‌ی (450) هه‌زار به‌رمیل و له‌ڕێگه‌ی مه‌رزی په‌روێزخانه‌وه‌ و  تانكه‌ره‌وه‌ نزیكه‌ی (50) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده ‌ده‌كات.

ئەو پێیوایە؛ حكومه‌ت خۆی چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ ناكات و حكومه‌تی هه‌رێم خۆی جێبه‌جێكاری یاسای نه‌وت وغاز نییه‌ و ره‌خنه‌ش له‌ دادگای فیدراڵی عێراق ده‌گرێت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ به‌ناده‌ستوری ده‌زانێت.

دەشڵێت:  تاكه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یە ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌رێمی نه‌وت و گاز كۆبونه‌وه‌یه‌كی كورت و پوخت ئه‌نجام بده‌ن و بڕیار بده‌ن به‌شی پێداویستی ناوخۆ، نه‌وتی خاو بدرێت به‌ پاڵاوگه‌ ناوخۆییه‌كان و بەوە گرفتی سوته‌مه‌نی له‌ بڕ و نرخ و كوالێتییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

هاوکات سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رەخنە لە جیاکارى دەکرێت لەنێوان پارێزگاکاندا و دەڵێت: ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وتی خاو ده‌دات به‌ پاڵاوگه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك  و بڕی یه‌ك ملیۆن لیتر به‌نزین بۆ هه‌ولێر دابینكراوه‌ جگه‌ له‌ قه‌زا و ناحیه‌كان و پارێزگای دهۆك، به‌ڵام بۆ سلێمانی ته‌نها یه‌ك لیتریش نانێردرێت.


هەواڵی زیاتر