فراکسیۆنی گۆڕان: پێویستە تاوانبارانى روداوەکەى دادگا سزا بدرێن بۆ ئەوەی ئەم هەڵسوكەوتانە بنبڕ بكرێت
14/06/2022
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی روداوەكەی دادگای تاوانی دوو لە سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئەو رەفتارە ناشايستە ودوور لە ئەخلاق وئاكاری مرۆڤانەبوە و پێشێلكردنێكی زەقی مافی مرۆڤ وپرنسيپەكانی دادوەرييەكی تەندروستە، داوا لە ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆش دەكات لێکۆڵينەوەيەكی وورد وخێرا لەو پێشێلكارييە بكریت ودەرئەنجامەكەی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت وتاوانباران سزای شايستە بدرێن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە بنبڕ بكرێت.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو کارە نامرۆڤانە و پڕ توند و تیژیەی کرایە سەر دایک و خوشکەکانی تاریقی بەقاڵ .
بەداخەوە لە بەرواری ١٣/٦/٢٠٢٢ لە دادگای تاوانی دوو لە سلێمانی چەند پۆليسێك بەشێوەيەكی ناشايستە ودوور لە ئەخلاق وئاكاری مرۆڤانە پەلاماری کەسوكاری خوالێخۆشبوو تاريق بەقاڵ يان دا وسووكايەتييان پێ كردن. ئەم كارە ناڕەوايە نەك هەر سووكايەتی كردنە بە دادگا وپرۆسەی دادگاييكردن لە كوردستان بەڵكو پێشێلكردنێكی زەقی مافی مرۆڤ وپرنسيپەكانی دادوەرييەكی تەندروستە لە كوردستان، بۆيە ئێمە لە فراكسيۆنی گۆڕان وێڕای ئيدانەكردن و شەرمەزار کردنی ئەم هەڵسوكەوتە نا بەرپرسانە داوا لە ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ دەكەين لێکۆڵينەوەيەكی وورد وخێرا لەو پێشێلكارييە بكریت ودەرئەنجامەكەی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت وتاوانباران سزای شايستە بدرێن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە بنبڕ بكرێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
١٤/٦/٢٠٢٢