بەڵین ئیسماعیل: پاشەکەوتى موچەى موچەخۆران، قەرز و ئەرکە لەسەر حکومەت و دەبێت بیداتەوە
23/06/2022
پەرلەمانتارێکى
گۆڕان دوپاتى دەکاتەوە؛ موچەى پاشەکەوت کراوى موچەخۆران لەم کابینەیەى حکومەت و بە
بڕیارى وەزیرى دارایی و ئابورى کراوەتە قەرز، بەوپێیە لە ئەمانات دەرچوە و قەرز و
ئەرکە لەسەر حکومەت و دەبێت بیداتەوە.
بەڵێن
ئیسماعیل، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان و ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمان لەبارەى
پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران و ئەو لێدوانانەى لەماوەى رابردودا بونە هۆى نیگەرانى
موچەخۆران، رایدەگەیەنێت؛ لە یاساى چاکسازى و یاسا بەرکارەکان ئەوە جێگیر کراوە کە
حکومەتى هەرێم پابەندە بە دانەوەى ئەو پاشەکەوتانەى لە موچەى فەرمانبەران و
موچەخۆران کراوە.
دەشڵێت: پێشتر
و تا کابینەى پێشو، ئەو پاشەکەوتى موچانە بە تەئمینات دانرابو، بەڵام لەم کابینەیەدا
واتە کابینەى نۆى حکومەتى هەرێم و بە بڕیارى وەزارەتى دارایى و ئابورى ئەو پارەیە
کراوەتە قەرز، چونکە تەئمینات لە حکومەت دواى دە ساڵ دەبێتەوە بە موڵکى حکومەت،
بەڵام ئێستا و دواى ئەو بڕیارە ئەوە یەکلا بوەتەوە کە ئەو پارەیەى پاشەکەوت کراوە
هەق و مافى موچەخۆرانە و قەرز و ئەرکە لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان بیداتەوە.