سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان هۆکارى دەنگنەدانیان بە هەموارى یاساى نەوت و گاز ئاشکرا دەکات

29/06/2022

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان هۆکارى دەنگنەدانیان بە هەموارى یاساى نەوت و گاز ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ یاساکە کۆمەڵێک بڕگە و مادەى دیکەى تێدایە کە پێویستیان بە هەموار کردنەوە بو، هاوکات سندوقى داهاتە نەوتییەکان تائێستا دروست نەکراوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان بە دەنگى (79) پەرلەمانتار، یاساى نەوت و گازى هەموار  کردەوە و فراکسیۆنى گۆڕان دەنگى بە هەموارکردنەوەکە نەدا، لەوبارەیەوە، گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: دەنگمان نەدا بە هەموارى یاساى نەوت و گاز، چونکە ئەو مادەیەى هەموار دەکرا پێویستى بە هەموار نەدەکرد، بەڵکو وەک فراکسیۆنى گۆڕان پێمانوابو کۆمەڵێک بڕگە و مادەى دیکەى نێو یاساکە هەیە کە پێویستى بە هەموار کردنەوە بو کە بەداخەوە تائێستا بیرى لێنەکراوەتەوە.

وتیشى: ئێمە هەمیشە پێداگر بوین لەسەر یەکێک لە بڕگە و مادەکانى یاساکە کە دروستکردنى سندوقى داهاتە نەوتییەکانە، بەڵام تائێستا حکومەت ئەو سندوقەى دروست نەکردوە، لەکاتێکدا لە هێڵەگشتیەکانى کارنامەى کابینەى نۆى حکومەتدا ئاماژە بەو کراوە لەم کابینەیەدا ئەو سندوقە دروست بکرێت، "بۆیە پێمانوابو زیادکردنى ئەندامێک بۆ ئەو ئەنجومەنە زیادەیە و بابەتى پێویست تر هەیە، بۆیە دەنگمان بە هەموار کردنەکە نەدا".


هەواڵی زیاتر