شاخەوان رەئوف بەگ: ئەگەر یاساى چەک دەقاودەق جێبەجێ بکرێت بەشێکى زۆرى ئەو روداوانەى بەهۆى چەکەوە رو دەدەن کەم دەبنەوە

03/07/2022

سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانى کوردستان، هۆکارەکانى ئەو روداو و تاوانەى بە بەکارهێنانى چەک رودەدەن ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ئەگەر حکومەت کە واجبە لەسەرى، یاساى نوێى چەک جێبەجێ بکات ئەو تاوان و روداوانە بەرێژەیەکى زۆر کەمدەبنەوە.

شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانى کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات؛ لە هەرێمى کوردستان نزیکەى (20) هەزار کەس مۆڵەتى چەکیان پێدراوە، بەڵام لە هەمو شارەکاندا دوکان و بازاڕى چەک فرۆشى هەیە و لە زۆرێکیان بێ لێکۆڵینەوە لە ناسنامە و کەسێتى و تەمەنى کەسەکە چەکى پێ دەفرۆشن، بەپێى داتا و زانیارییەکان کەمترینى ئەوانەى خەڵکیان کوشتوە یان بریندار کردوە ئەوانەن کە مۆڵەتیان هەیە، بەڵکو ئەوانەى دەبنە هۆى روداوەکان مۆڵەتى هەڵگرتنى چەکیان نییە و بە نایاسایی چەکیان دەست دەکەوێت.

هەروەک پێیوایە؛ تا بەرپرسانى حیزبى هێزى چەکداریان هەبێت، بەشێکى زۆرى ئەو کێشانەى بەهۆى چەکەوە رودەدەن چارەسەر نابن و پێویستە چەک و کەرەستەى سەربازیش لەدواى واجب لە ئەندامانى هێزە ئەمنییەکانى وەک ناوخۆ و پێشمەرگە و ئاسایش وەربگیرێتەوە.

سەبارەت بە یاساى نوێى چەک کە لە پەرلەمان پەسەند کرا، شاخەوان رەئوف بەگ دەڵێت: لە هەموارى نوێى یاساى چەکدا ئەو گرفتانە چارەسەر کراون و مۆڵەتى چەک فرۆشتن و دوکانی چەک فرۆشتنیش تاڕادەیەکى زۆر سنوردار کراوە، یاساکە ئەگەر دەقاودەق جێبەجێ بکرێت بەشێکى زۆرى کێشەکان چارەسەر دەکرێن و ئەو روداوانەى بەهۆى خراپ بەکارهێنانى چەکەوە رو دەدەن کەمبکرێنەوە، کە خۆى لە بنەڕەتدا واجبیشە لەسەر حکومەت و دام و دەزگاکانى جێبەجێ کردن، دەقاودەق یاساکە جێەجێ بکەن.


هەواڵی زیاتر