دلێر حسێن: لێدانى بیرى نوێ بۆ دابینکردنى ئاو بۆ دانیشتوانى هەولێر چارەسەرێکى سەرەتایی و کاتییە و زیانیشى زیاترە

24/07/2022




سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، رایدەگەیەنێت؛ لێدانى بیرى نوێ بۆ دابینکردنى ئاو بۆ دانیشتوانى هەولێر چارەسەرێکى سەرەتایی و کاتییە و زیانیشى زیاترە، چارەسەرى کێشەى کەمئاوى زیادکردنى پڕۆژەى ئیفرازەکان و پڕۆژەى ستراتیژى و بەنداوە کە ئێمە هەشت ساڵە لە ئەنجومەنى پارێزگا ئەو  مەترسی و چارەسەرانە دەخەینەڕو، بەڵام بەرپرسانى حکومەت و حکومەتى خۆجێیی بەدەمیانەوە نایەن.

دلێر حسێن، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لەبارەى چەندبارەبونەوەى شکانى بۆرى ئیفراز و کێشەى کەمئاویی لە هەولێر، رەخنەى ئەوە دەگرێت کە دانیشتوانى هەولێر ساڵانە چەند مانگێک لەبەردەم هەڕەشەى لافاودان و چەند مانگێکیش هەڕەشەى کەمئاوییان لەسەرە و دەڵێت: هۆکارى ئەم دۆخەى خەڵک و بێ ئاوییە، بێ پلانى و بێ بەرنامەیی 30 ساڵى حکومڕانییە.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ ئیفرازى سێ بەردەوام هەڕەشەى شکانى لەسەرە و لە هەفتەیەکدا چەند جارێک شکاوە، ئەوەش دەرخەرى خراپى کوالێتیەکەى و ئەو پڕۆژانەن لەسەر ئەو هێڵى بۆرییە دەکرێت کە لێپێچینەوەیان لێناکرێت.

لەبارەى ئەو رێکارەش کە دەگیرێتە بەر بە لێدانى بیرى نوێ، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان دەڵێت: لێدانى بیرى نوێ لە هەولێر چارەسەرێکى سەرەتایی و کاتییە، چارەسەرى کێشەى کەمئاوى لێدانى بیرى نوێ نوییە، بەڵکو چارەسەر زیادکردنى پڕۆژەى ئیفرازەکانە بەپێى فراوانبونى شارى هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێک پڕۆژەى ستراتیژى و دروستکردنى بەنداو، ئێمە هەشت ساڵە لە ئەنجومەنى پارێزگا مەترسییەکانى کێشەى کارەبا و ئاو لەگەڵ چارەسەر دەخەینەڕو، بەڵام بەرپرسانى حکومەت و حکومەتى خۆجێیی جێبەجێیان نەکردوە و ئەو دەسەڵاتەشمان نەبوە چەند بەرپرسێکى حکومەتى خۆجێیی سزا بدەین.



کێشە تەنها لە ئاو نییە، هەمو سێکتەرەکان گرفتیان هەیە و بێ پلانن و بە ستراتیژى بیر لە چارەسەریان نەکراوەتەوە


هەواڵی زیاتر