رزگار حەمە نەگڕەیی: دو بڕە پارە بۆ رێگاى (کەلار - سلێمانى) خەرجکراوە و بڕیارە لە شەممەى داهاتوەوە کارکردن تێیدا دەستپێبکاتەوە
11/08/2022
پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دواى بەدواداچون و فشارەکانمان بە خۆشحاڵییەوە دو بڕە بودجە بۆ کۆمپانیاى بەڵێندەرى رێگاى (سلێمانى - کەلار) تەرخانکراوە و لە شەممەى داهاتوەوە دەست بە کارکردن لە رێگاکە دەکرێتەوە و بڕیارە خەرجکردنى پارە بۆ پڕۆژەکە بەردەوامیی هەبێت.
رزگار حەمە نەگڕەیی، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى دواین هەنگاو و رێکارەکانى دەستپێکردنەوەى کارکردن لە رێگاى نێوان (سلێمانى - کەلار) بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: دواى ئەو فشارەى وەک ئەندامانى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگا کردمان، لەگەڵ سەردانیکردنىى لایەنە سیاسیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت، خۆشبەختانە بەڕیوەبەرایەتى بانکى هەرێم بڕیاریدا هەفتانە (200) ملیۆن بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکات، هەفتەى پێشو وەجبەى یەکەم و دوێنێش وەجبەى دوەم خەرجکراوە، بەڵێندەرى پڕۆژەکە بەڵێنى داوە لە شەممەى داهاتوەوە دەست بکاتەوە بە کارکردن لە هەمو بڕگەکانى رێگاکە.
وتیشى: ئێمە داوامان کردوە مانگانە بە چەند جارێک، سێ ملیار دینار خەرج بکرێت بۆئەوەى کارکردن بە خێرایی لە پڕۆژەکە دەست پێبکاتەوە و چیتر هاوڵاتییان لەو رێگەیە نەبنە قوربانیی، بەڵێندەریش بەڵێنى داوە لە کاتى خەرجکردنى ئەو پارانەدا لە ماوەى (18) مانگدا رێگاکە تەواو بکات، ئێمەش لە نزیکەوە چاودێرى دەستبەکاربونەوەى کارکردن لە رێگاکە و قۆناغەکانى جێبەجێکردنى دەکەین و لایەنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدا دەبین".