سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو شێوازەى بڕیارى لێدراوە زیانى بۆ کۆى گشتى شۆفێران و هاوڵاتییان هەیە و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکەین
15/08/2022
سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ داواى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگایان کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى
بڕیارى دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو شێوازەى بڕیارى لێدراوە، چونکە زیانى بۆ کۆى
گشتى شۆفێران و هاوڵاتییان هەیە.
رێبوار
ئەحمەد سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ وەک فراکسیۆنى
گۆڕان و ئەنجومەنى پارێزگا بڕیارى دانانى کامێراى چاودێرى بەو شێوەیەى دراوەتە
کۆمپانیایەک رەت دەکەینەوە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، داواى کۆبونەوەى ئەنجومەنى
پارێزگاشمان کردوە بۆ ئەو مەبەستە و راسپاردەکانى ئاڕاستەى وەزارەتى ناوخۆ و
ئەنجومەنى وەزیران دەکەین.
سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرک و
ئامانجى فراکسیۆنەکە و ئەنجومەنى پارێزگا لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى گشتى پارێزگاى
سلێمانییە و پێمانوایە بڕیارى دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو شێوەیەى ئێستا چ لە روى
سیستمى کارکردنى کامێراکان و چ لەو داهاتە زۆرەى دەدرێتە کۆمپانیا زیان بە
هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بۆیە داوا دەکەین وەزارەت ناوخۆ و ئەنجومەنى وەزیرانیش کە لە
ستراتیژى کارى کابینەى نۆیەمدا ئاماژەى بۆ کراوە بەرژەوەندى گشتى لە بەرچاو بگرێت
و پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت و ئەو بڕیارەى دراوە هەڵبوەشێنرێتەوە.
دەشڵێت:
ئێمە دژى دانانى کامێراى هاتوچۆ نین، بەڵام پێویستە بە میکانیزمێک بێت خەڵک زیانى
لێنەکرێت، ئێمە پێمانوایە ئەم بڕیارە بەبێ دیراسە و لێکۆڵینە دراوە و دانانى
کامێرا بەم شێوازە لەگەڵ سیستمى ژیان و موچە و تەنانەت رێگاوبانەکانى هەرێمى
کوردستان یەکناگرێتەوە، جگە لەوەش زۆرینەى داهاتەکەى لەبرى ئەوەى بۆ خزمەتى
پارێزگاکە و رێگاوبان خەرج بکرێت دەدرێتە کۆمپانیا، بۆیە ئێمە داواى
هەڵوەشاندنەوەى دەکەین.