رزگار حەمە نەگڕەیی: وادەى دیاریکراوى یاساى بەخاوەنکردنى ئەو زەوییانەى زیادەڕەوییان لەسەر کراوە کۆتایی دێت

21/08/2022

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ وادەى دیارکراو بۆ بەخاوەنکردنى زەوییە زیادەڕۆکان لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و هاوڵاتیان وەک پێویست بەدەم یاساکەوە نەهاتون و حکومەتیش کارى پێویستى نەکردوە بۆ هۆشیار کردنەوە خەڵک لەبارەى یاساکە بۆئەوەى مافیان نەفەوتێ.

رزگار حەمە نەگڕەیی، ئەندامى لیژنەى شارەوانى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: رۆژى (9/9) ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە لە یاساى بەخاوەنکردنى زەویە زێدەڕەویەکان دیاریکراوە بۆ ئەوەى لە ماوەى یەکساڵدا خاوەن ئەو زەوییانە داوا پێشکەشى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بەڵام تائێستا وەک پێویست خەڵک بەدەم یاساکەوە نەهاتوە و ژمارەیەکى زۆر هەن کە مامەڵەیان نەکردوە و داوایان پێشکەش نەکردوە.

وتیشى: لەماوەى ئەم ساڵەى رابردودا کە هەموارى یاساکە لە پەرلەمان پەسەند کراوە، حکومەت وەک پێویست کارى نەکردوە بۆ هۆشیار کردنەوەى هاوڵاتییان لەبارەى یاساکە و ئەو وادەیەى دیاریکراوە، بۆئەوەى مافیان نەفەوتێ و زەرەرمەند نەبن، چونکە بەپێى یاساکە لەدواى ئەو ساڵە ئەگەر داوا پێشکەش نەکرێت ئەو کەسە مافى دەفەوتێ.

وتیشى: لەگەڵ دەستپێکى وەرزى نوێى یاسادانان، وەک لیژنەکەمان لەگەڵ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و وەزارەتی شارەوانى گفتوگۆ دەکەین بۆئەوەى لە هۆکارى ئەوە بکۆڵینەوە ئایا کەموکوڕى لە کوێدا هەیە وا خەڵک وەک پێویست بەدەم یاساکەوە نەهاتوە، " واتە چێکى یاساکە دەکەین بزانن گرفتەکان چین، لەگەل ئەوەشدا پێمان باشە کاتى زیاترى پێبدرێت و لەو ماوەیەدا خەڵک بەرامبەر مافەکانیان و یاساکە هۆشیار بکرێتەوە".

ئەوە لەکاتێکدایە؛ هەموارى یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە ژمارە (سێ)ی ساڵی (2019)، لە (6/7/2021) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کرا، بەپێی هەمواری یاساکەش رێژەی (5%)ی نرخی خانوەکە وەکو بڕە پارەیەک لە خاوەن ئەو خانوانەی زێدەڕۆن وەردەگیرێت بۆ تاپۆکردنیان.


هەواڵی زیاتر