ئەنوەر تاهیر: دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو سیستمەى بڕیارى لێدراوە بە زیانى شۆفێران و لە بەرژەوەندى کۆمپانیایە

22/08/2022

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە؛ کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دانانى کامێراى هاتوچۆ بە سیستمى پۆینت تو پۆینت دەکەن، چونکە "بە زیانى کۆى گشتى هاوڵاتیان و شۆفێرانە و لە بەرژەوەندى کۆمپانیایە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمێکە لەگەڵ رێگاوبانەکانى هەرێمى کوردستان ناگونجێت".

لەگەڵ نزیکبونەوەى وادەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ بڕیاردان و فشارکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوە و رەتکردنەوەى دانانى کامێراى هاتوچۆ بە سیستمى پۆینت تو پۆینت لە سنورى پارێزگاى سلێمانى، ئەنوەر تاهیر، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو سیستمەى بڕیارى لێدراوە لە خزمەتى شۆفێران و هاوڵاتیان نییە و تێیدا چاو بڕدراوەتە گیرفانى شۆفێران و هاوڵاتییان بۆ سزادانیان، ئەگەرى ئەوە هەیە رۆژانە هەمو شۆفێران غەرامە بکرێن و ئەو پارەیەشى پەیداى دەکەن بیدەن بە غەرامە و ئەو کۆمپانیایەى سیستمەکە دادەنێت.

دەشڵێت: ئەمەى بڕیارى لێدراوە سیستمێکى خراپە و لەگەڵ رێگاوبانەکانى هەرێمى کوردستان ناگونجێت و خێرەکەى بۆ کۆمپانیاى جێبەجێکار و سەرپەرشتیارە.

پێشتریش سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان بە سایتى (گۆڕان)ى وت: داواى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگایان کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دانانى کامێراى هاتوچۆ بەو شێوازەى بڕیارى لێدراوە بە سیستمى (point to point)، چونکە پێمانوایە ئەم بڕیارە بەبێ دیراسە و لێکۆڵینە دراوە و دانانى کامێرا بەم شێوازە لەگەڵ سیستمى ژیان و موچە و تەنانەت رێگاوبانەکانى هەرێمى کوردستان یەکناگرێتەوە، زۆرینەى داهاتەکەشى لەبرى ئەوەى بۆ خزمەتى پارێزگاکە و رێگاوبان خەرج بکرێت دەدرێتە کۆمپانیا.


هەواڵی زیاتر