جەلال محەمەد: سەرمایە و ژێرخانی ئەم هەرێمە بەکارهاتوە بۆ بنیاتنانی پرۆژەکانی نیشتەجێبون و یەك دیناریشی بۆ حکومەت نەگەڕاوەتەوە

10/09/2022

پەرلەمانتارێکى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ سەرمایە و ژێرخانی ئەم هەرێمە بەکارهاتوە بۆ بنیاتنانی پرۆژەکانی نیشتەجێبون کە لەسەر زەوى حکومەت و بە پارەى خەڵک دروستکراون و بە گران پێیان فرۆشراوە و یەك دیناریشی بۆ حکومەت نەگەڕاوەتەوە.

جەلال محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات یاساى وەبەرهێنان لەبرى ئەوەى ببێتە سەرچاوەیەک بۆئەوەى وەبەرهێنەران وەبەرهێنى ناوخۆیی یان بیانى، سەرمایەى خۆیان بەگەڕبخەن و خزمەتگوزارى بکەن بەشێوەیەک کە هاوڵاتییان و حکومەت و دەوڵەت لێى سودمەند بێت، بەپێچەوانەوە زۆرێک لەو کۆمپانیایانە کە بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسان هاوبەشن لەگەڵیاندا لە رێگەى داواکارییەکەوەکە پێشکەشى بەڕیوەبەرایەتیەکانى وەبەرهێنانیان کردوە لە شارەکان، زەویان پێدراوە و لە رێگەى ئەو پارەیەى لە خەڵکیان وەرگرتوە پڕۆژەکەیان دروستکردوە و خۆیان لێى سودمەند و دەوڵەمەند بون.

پەرلەمانتارەکە دەشڵێت: کەمترین وەبەرهێنەر سەرمایەى هێناوە کە بۆ بوژاندنەوە و پڕۆژە خەرجى کردبێت، بەڵکو هاتون بە پڕۆژەى نیشتەجێبون سەرمایە و ژێرخانى ئەم هەرێمەیان بردوە کە زەوى نایاب بون و ئەوەش لە بەرژەوەندى خۆیان بەکارهاتوە و بە پارەى خەڵک دروستیان کردوە و بە گران بە خەڵکیان فرۆشتوە، یەک دیناری بۆ حکومەت نەگەڕاوەتەوە.


هەواڵی زیاتر