وردەکاری دابەشکردنەکەی... گۆڕان سەرۆک و جێگری شەش لیژنەی ئەنجومەنی پارێزگا وەردەگرێت
30/05/2018
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان لەسەرجەم لیژنەکانی ناو ئەنجومەنەکەدا یان سەرۆک و جێگر دەبن یاخود بڕیاردەری نێو لیژنەکان دەبن کە ژمارەیان (١٧) لیژنەیە.
ئەنوەر تاهیر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە (سبەی) راگەیاند؛ ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجومەنەکە کۆبوینەوە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی سەرۆک و جێگری ئەو (١٧) لیژنەیەی کە ناو ئەنجومەنەکەدا دەنگیان پێدراوە و پەسەندکراون، هاوکات سەرۆک و جێگری شەش لیژنە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەکلابوەتەوە و لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەندامەکانیشمان جگە لە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا (١١) ئەندامە دەتوانین لە ناو پێنج لیژنەی دیکەشدا بڕیاردەر بین.
وتیشی:" لە هەر (١٧) لیژنەکەشدا یان سەرۆک یان جێگر یاخود بڕیاردەر دەبین و لەگەڵ ئەوەشدا لیستی خزمەت سەرۆکی دو لیژنە و لیستەکانی پارتی و هاوپەیمانی و رافیدەی-نیش هەریەکەیان سەرۆکایەتی یەک لیژنەیان بەردەکەوێت".
راشیگەیاند: لیستی یەکێتی نیشتیمانی سەرۆکایەتی و جێگری پێنج لیژنەی نێو ئەنجومەنەکە وەردەگرێت و پارتی-ش جێگری دو لیژنەی دیکەی بەردەکەوێت.