سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: پێویستە لەم وەرزەى یاساداناندا یاساى لەبرى خستن و (مقاصە) پەسەند بکرێت
19/09/2022
فراکسیۆنى گۆڕان پرۆژە
پێشنیازى لەبرى خستنى قەرزەکانى حکومەت و هاوڵاتیان لە پەرلەمان دەجوڵێنێت لەپێناو چارەسەرى پرسى موچە پاشەکەوتکراوەکانى موشەخۆران و سەرۆکى فراکسیۆنەکەش
رایدەگەیەنێت؛ لە سەرەتاى ساڵى (٢٠٢٠)ەوە کار لەسەر ئەم پرسە دەکەین و چاوەڕوانى
ئەوەین لەم وەرزە نوێیەى یاساداناندا پەسەند بکرێت.
گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى
گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، لەبارەى هەوڵەکانیان بۆ چارەسەر و گەڕانەوەى موچە
پاشەکەوتکراوەکانى موچەخۆران، رایدەگەیەنێت؛ لەسەرەتاى ساڵى (٢٠٢٠)ەوە بەبەردەوامى
جەختمان لەوە کردوەتەوە کە حکومەت بەرپرسانە مامەڵە لەگەل پاشەکەوتى موچە و
گەڕانەوەى ئەو قەرزانەى لاى هاوڵاتیانە بکات، لە مانگى (١٠)ى هەمان ساڵ کە سەرۆکى
حکومەت هاتە پەرلەمان، یەکێک لەو خاڵانەى وەک فراکسیۆنى گۆڕان خستمانەڕو گەڕاندنەوە
موچە پاشەکەوتکراوەکان یان لەبرى خستن بۆ قەرزەکان بو، چونکە ئەوکات زەمانەتێک لە
ئارادا نەبو، خۆشبەختانە وەزیرى دارایی لەماوەى رابردودا دڵنیایی دا لەوەى ئەو
موچە پاشەکەوتکراوانە لە ئاماناتەوە کراوەتە قەرز لەسەر حکومەت ئەمەش، زەمانەتێکە،
بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بگەڕێتەوە بۆ موچەخۆران.
هەروەک ئاماژە بەوە
دەکات لە وتەى فراکسیۆندا کە لە دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى وەرزى
نوێى یاسادانان وەک فراکسبۆنى گۆڕان پێشکەشى کرد دوپاتى کردەوەکەوە کە چارەسەرى
قەرزى نێوان حکومەت و هاوڵاتیان بکرێت بە پەسەندکردنى یاساى لەبرى خستن و (مقاصە) و
پاشەکەوتى موچە بۆ موچەخۆران بگەڕێتەوە، دەشڵێت: ئەو یاداشتانەى لەوبارەیەوە پێشکەش
کراون ئاڕاستەى لیژنەى دارایی لە پەرلەمان کراون و راپۆرتی لەبارەوە ئامادەکراوە.
سەرۆکى فراکسیۆنى
گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ پێداگرن لە گەڕانەوەى موچە پاشەکەوتکراوەکان یان بە
چارەسەرى لەبرى خستنى قەرزەکان لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان ئەوەش بە لەپێناو
گەڕاندنەوەى ئەو مافەى موچشەخۆران، هەروەها دروستکردنەوەى جۆرێک لە متمانە لەنێوان
هاوڵاتییان و حکومەت و سوککردنى بارى قورسى سەر شانى هاوڵاتیان، لەکاتێکدا کە دۆخى
دارایی حکومەت باشترە و نرخى نەوت بەرز بوەتەوە و داهات زیادى کردوە، "بۆیە
حکومەت پێویستە بە لەبرى خستن چارەسەرى ئەو پرسە بکات، چاوەڕێ دەکەین لەم وەرزەى
دانیشتنەکانى پەرلەمانیشدا ئەو بابەتە پەسەند بکرێت".