گۆڕان: لە گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکان و کەموکوڕییەکان بێدەنگ نابین

28/09/2022

بزوتنەوەی گۆڕان، جەخت دەکاتەوە لەسەر کێشە و ئاریشە و گەندەڵی و ئەو قەیرانانەی روبەڕووی ھاوڵاتیان بووەتەوە بێدەنگ نابن و تیمەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان رادەسپێرێت زانیاری پێویست بۆ رایگشتی بڵاوبکەنەوە و لەسەر ھیچ خەمساردییەک بێدەنگ نەبن.

جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، دوایین ئامادەکارییەکانی بەستنی دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی تاوتوێکرد و بڕیاریدا سەرەتای هەفتەی داهاتو کۆبونەوەی پەیوەست بکرێت بە دیاریکردنی رۆژ و شوێنی دووەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی، لەپێناو رێکخستنەوەی بزوتنەوەکە بەجۆرێک کە وەڵامدەرەوەی داواکاریی و خواستەکانی خەڵک بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٨/٩/٢٠٢٢)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە مەکۆی سەرەکی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، ئەجێندای کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بو.

پەیوەست بە عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکان و وەستانەوە بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕووی ھەرێم دەبێتەوە، لایەنە کوردییەکان کار بە نەخشەرێگایەکی نیشتیمانی کوردستانی بکەن و بە سود وەرگرتن لە ھەڵەکانی رابردوو، لە بری شەڕکردن بۆ پۆست و پارە، کار بۆ کێشە سەرەکییەکانی خاک و بودجە و جێبەجێکردنی داواکارییە فیدڕاڵیەکان لە چوارچێوەی دەستوردا بکرێت، بەجۆرێک کورد شەریکێکی راستەقینەبێت لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیدا.

بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەکە هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەو کێشە و ئاریشە و قەیرانانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە، ئەو دۆخی خراپ ئیدارەدانەی کەرتی ئیداری و خزمەتگوزاریی و نەبونی شەفافیەت لە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکاندا، بەتایبەتی لە سلێمانی، جڤاتی نیشتیمانی، هەردو حیزبی دەسەڵاتدار، کە بەکردەیی دەسەڵاتدارن بە بەرپرس دەزانێت لە بەردەوامیی و درێژەدان بەو کێشانە و خەمساردی لە چارەسەرکردنی کێشەکان، لەو چوارچێوەیەدا تیمەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی و فراکسیۆنەکانی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان راسپارد، کە راستی و زانیارییە دروستەکان لەبارەی دۆخی ئیداریی و داهات و گەندەڵییەکان و کێشەی زەوی و زار، وەک پێویست بگەیەننە رایگشتی و رۆژنامەنوسان و ئەوەی کە لەسەر تیمەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە لە حکومەت و پەرلەمان هەمو هەوڵێک بدەن راستی کێشەکان بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن.

جڤاتی نیشتیمانی دوپاتیکردەوە؛ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر هیچ کێشە و کەموکورتی و گەندەڵییەک بێدەنگ نابێت، ئەگەر لەناو حکومەتدابێت، یان لە دەرەوەی حکومەت، تەنانەت ئەگەر لەناو وەزارەتەکانی خۆیشیدا بێت بێدەنگ نابێت، چونکە گۆڕان بزوتنەوەیەکە دروست بوە وەڵامگۆی خواست و داواکارییەکانی ھاونیشتیمانیانی کوردستان بێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، کۆبونەوەکە دوایین ئامادەکارییەکانی بەستنی دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانی تاوتوێکرد، بڕیاردرا سەرەتای هەفتەی داهاتو کۆبونەوەی پێویست بکرێت بۆ دیاریکردنی رۆژ و شوێنی بەستنی دووەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی، لیژنەی باڵا و دەستەی هەماهەنگی کۆنفرانس، هەمو ئامادەکارییەک و کارێکی پێویستیان بۆ سەرخستنی کرنفرانس کردوە، جەختکرایەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێک خۆی رێکدەخاتەوە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک و ئەو چاوەڕوانییە بێت کە خەڵک لە بزوتنەوەی گۆڕانی هەیە، وەک بزوتنەوەیەکی مەدەنی بێ چەک کە ئامرازەکانی فشار دەگرێتەبەر بۆ چاککردنی دۆخی سیاسی و خزمەتگوزاریی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتایدا، سەرەڕای پشتگیری لە بەیاننامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، کۆبونەوەکە ئیدانەی بۆردومان و ھێرشەکانی ئەمڕۆی کرد کە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کورستانی کردە ئامانج و شەھید و برینداری لێکەوتەوە.


هەواڵی زیاتر