سوعاد عەبدولڕەزاق: ئامانج و هەوڵمان بۆ پاراستنى قەوارەى هەرێم و هاوڵاتییانى مەدەنییە
26/10/2022
ژمارەیەک
لە ژنانى سەرکردایەتى نێو هێز و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان داوا لە
نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن بە بڕیارێک هێرشى ئاسمانى و درۆن بۆ سەر هەرێمى کوردستان
قەدەغە بکات، بە ئامانجى پاراستنى هاوڵاتیانى سڤیل و ژن و منداڵ و گوند و شوێنە
گەشتیارییەکان.
لەو
یاداشتەدا کە ئاڕاستەى جنین پلاسخارت، نوێنەرى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان لە
عێراق-یان کردوە، ژنانى سەرکردایەتى لایەنە سیاسییەکان داواى راگرتنى ئەو هێرشە
موشەکییانە دەکەن کە ناوبەناو دەکرێتە سەر هەرێمى کوردستان و دەبێتە هۆى
زیانگەیاندن بە ناوچە کشتوکاڵیی و گوندنشینان و بونە قوربانیی هاوڵاتی سڤیل و ژن و
منداڵ، ئەوە بە پێچەوانە و پێشێلکردنى بڕیارى (1325)ى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە
یەکگرتوەکان لەقڵەم دەدەن کە بڕیارەکە جەخت لە پاراستنى ژن و منداڵ دەکاتەوە لە
شەڕ و ناکۆکییەکاندا.
سوعاد
عەبدولڕەزاق، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆک و ئامانجى
یاداشتەکەوە بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: بەداخەوە لەئەنجامى تۆپباران و بۆردومانى
چەند ساڵى رابردوى وڵاتانى دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران بۆ ناوچە سنورییەکان،
سەدان هاوڵاتى هەرێم و تەنانەت گەشتیاریش بونەتە قوربانى و سەدان گوند و ناوچەى
گەشتیارى و کشتوکاڵى کاول کراون و چۆڵ کراون.
وتیشى:
ئێستا نەک تەنیا فڕۆکە و تۆپخانە بەڵکو بە درۆن هێرش دەکرێت، بۆیە ئەو هەوڵ و
یاداشتى هەمانە بۆ ئەوەیە بڕیارێک لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەربکرێت وەک بڕیارى (688)ى
ساڵى (1991) بۆ پاراستنى هەرێمى کوردستان لە هێرشى درۆنەکان لە هەر لایەکەوە بێ.
دەشڵیت:
لە ئایندەدا بە شێوەیەکى فراوانترتریش کار لەسەر ناوەڕۆکى یاداشتەکەمان دەکەین و ئامادەشین بچینە بەغدا و
یاداشتەکە بدەینە وەزارەتى دەرەوەى عێراق و رەنگە لە داهاتودا رێکخراوەکانى کۆمەڵى
مەدەنیش بێنینە ناو پڕۆسەکە و لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمانیش کۆببینەوە بۆ
دروستکردنى کۆدەنگى زیاتر لەسەر ئەم پرسە کە ئامانج لێى پاراستنى قەوارەى هەرێم و
هاوڵاتیانى مەدەنى و ناوچە گەشتیارى و کشتوکاڵییەکانە لە هەر هێرشێک".