(بزوتنەوەی‌ گۆڕان پێداگرە لە بەرنامە و پاکێجەکانی‌ و سازشی‌ لێنەکردون)

27/02/2019

ئەندامێکى ژورى یاسایى
بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى کە پەیوەندى هەرێم و بەغدا لەسەر بنەماى
یاسایى و دەستورییەکان بێت و دەسەڵاتى دادوەرى سەربەخۆیى بۆ بگەڕێنرێتەوە و
ئەوانەش لە رێککەوتنى گۆڕان و پارتى بە دەق نوسراون و دەڵێت: "بزوتنەوەى
گۆڕان پێداگرە لە بەرنامە و پاکێجەکانى و سازشى لێنەکردون".

چۆمان محەمەد، ئەندامى
ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بە گرنگیى رێککەوتنى سیاسى دەکات پێش
پێکهێنانى حکومەت بۆ ئەوەى ببێتە کارنامەى کابینەکە و لە پەرلەمانیش وەک یاسا دەنگى
لەسەر بدرێت، دەشڵێت:"ئەوە نەریتێکە کە گۆڕان دایهێنا و ئامانج لێى
هەوڵدانە بۆ دامەزراندنى حکومەتێکى رەشید و بەهێز و خزمەتگوزار و حکومەتیش پابەند
دەکات بە جێبەجێکردنى".

ئەندامەکەى ژورى
یاسایى گۆڕان ئەو گرفتانە بیر دەهێنێتەوە کە بەهۆى یاسایى و دەستورى
نەبونى پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەند هاتونەتە ئاراوە و دواجار خەڵکى کوردستان
باجەکەیان داوە و دەڵێت:"هەرێم و خەڵکى کوردستان لە رابردودا باجى سیاسەتى
هەڵەى لایەنە دەسەڵاتدارەکانیان داوە، چونکە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەماى
حیزبى بون، بەڵام بەپێى ئەم رێککەوتنە پێویستە دامەزراوە و دەستەیەکى یاسایى
گرێدراو بە حکومەت و لەژێر سایەى پەرلەماندا بەڕێوە ببرێن، ئەوەش بە
ماناى دورخستنەوەى دەستى حیزب لە پەیوەندى و مامەڵە لەگەڵ حکومەتى ناوەند".

ئەوەش دەخاتەڕو کە پێشتر
دەستکەوتەکان بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان بون، بەڵام لەکاتى هەڵە و شکستەکان و هەر
قەیرانێکدا بەرپرسیارێتى ون بوە و هەمو خەڵکى هەرێمى کوردستان باجەکەیان داوە،
"بۆیە دەبێت پەیوەندیى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەما یاسایى و
دەستورییەکان بێت".

هەروەک جەخت لە گرنگیى
دەستور و سەروەرکردنى یاسا و دەسەڵاتى دادوەریى دەکاتەوە و لەو چاوپێکەوتنەدا لەکەناڵى
(کەى ئێن ئێن) وتى: "ئەگەر دەستور هەبوایە، کۆمەڵێک کێشە و پێشێلکارى کە لە
رابردودا بینیومانن رویان نەدەدا، بۆیە گۆڕان پێیوایە دەستور کارێکى لەپێشینەیە و
پارێزبەندى لە مافى هاوڵاتیان دەکات جگە لەوەى رۆڵى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و
راگرتنى هاوسەنگى نێوان دەسەڵاتەکانى هەیە، بۆیە لە رێککەوتنە سیاسییەکەش لەگەڵ
پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو خاڵە جێگیر کراوە".

چۆمان محەمەد، رونى
دەکاتەوە کە بۆچونى گۆڕان ئەوەیە کە دەبێت دەسەڵاتى دادوەرى سەربەخۆبێت و رێزى
بگیرێت، پڕۆژەشی هەیە بۆ هەموار و سەروەرکردنى دەسەڵاتى دادوەرى بەشێوەیەک کە رۆڵى
زیاترى هەبێت و خاوەن سەربەخۆیى خۆی بێت دور لە هەیمەنەى حیزب.

باس لەوەش دەکات؛
هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەناو پەرلەماندا کە لە رێککەوتنە سیاسییەکەی پارتى و
گۆڕان بە دەق هاتوە، بە ماناى هەنگاونان دێت بۆ بە پەرلەمانیکردنى سیستمى حوکمڕانى
هەرێم و ئەوەش وەڵامێکە بۆ ئەوانەى رەخنە لە رێککەوتنەکە دەگرن و دەریدەخات کە
"بزوتنەوەى گۆڕان پێداگرە لە بەرنامە و پاکێچەکانى خۆى و سازشى لێنەکردون".


هەواڵی زیاتر