ئاوات شێخ جەناب: رێککەوتنى گۆڕان و پارتى دەستکەوتەکەى بۆ خەڵکى کوردستانە

27/02/2019

ئاوات شێخ جەناب رایدەگەیەنێت؛ چاکسازی پێویستیەکی هەنوکەییە و قابیلی
دواخستن نییە، ئەوەش دەخاتەڕو کە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی سیاسی سەربەخۆیە و بەپێی
دیدگای خۆی هەنگاوی سیاسی دەنێت و لەو چوارچێوەیەشدا رێککەوتنى سیاسى ئەنجامداوە
کە؛ "دەستکەوتی باشى تێدایە بۆ خەڵکی کوردستان".

ئاوات شێخ جەناب ئەندامی وەفدی دانوستانكاری گۆڕان، لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى (زەمەن)، ئەوە دوپات دەکاتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی سیاسی سەربەخۆیە و بەپێی دیدگای خۆی
هەنگاوی سیاسی دەنێت بەرەو ئەو ستراتیژەی بۆ خۆی دایناوە کە بەشێوەیەکی گشتی
چاکسازییە لەکۆی پڕۆسەی سیاسی و ئابوری و دارایی و پرسە نیشتیمانییەکانی تردا.

دەشڵێت: "ئەم ستراتیژە هی گۆڕانە، نە هی یەکێتییە نە هی
پارتییە، خۆمان دەزانین چی لەبەرژەوەندی ستراتیژەکەی ئێمەدایە، ئەوەی ئێمە وێنەمان
کردوە چی لە بەرژەوەندی گشتی دایە".

هەروەک ئاماژە بەوە دەکات کە چاکسازی پێویستیەکی ئێستاییە و
قابیلی دواخستن نییە، رونیشى دەکاتەوە ئەو خاڵانەى لە رێککەوتنى گۆڕان و پارتى
جێگیر کراون حکومەت پابەند دەکەن بە ئەنجامدانى چاکسازى و لە بەرژەوەندى خەڵکى
کوردستان و سیستمى حکومڕانین و دەڵێت:"پێمانوایە لەناو رێککەوتنەدا دەستکەوتێکی
باشمان هەبوە بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە ئەوەی دەستمانکەوتوە هی قورسایی گۆڕان
نییە، بەڵام بەجێگیربونی بەرنامەی چاکسازی ئێمە لەبەرنامەی حکومەتدا سەرکەوتنی
ئێمە و پارتیش لەوێدایە، ئەم پڕۆژەیە تەنیا هی ئێمە نییە، بەڵکو دەبێتە پڕۆژەی
هەمو لایەک کە لە حکومەتدا بەشدار دەبن".

ئاوات شێخ جەناب بڵاوکردنەوەى ناوەڕۆکى رێککەوتنەکە لە میدیاکان وەک بەڵگەى شەفافیەتی بزوتنەوەى گۆڕان ناودەبات و دەڵێت:"مەبەستمانە
ئەو رێککەوتنە بەخێرایی بچێتە ناو هاوڕێکانی ئێمەو خەڵکیش".


هەواڵی زیاتر