پەرلەمانتارانی گۆڕان سەردانی مانگرتوانی هەدەپە دەکەن
27/02/2019
فراکسیۆنی گۆڕان پاڵپشتی خۆی بۆ
مانگرتوانی هەدەپە لە باشوری كوردستان دوپاتکردەوە، هەروەها داوای دەستپێكردنەوەی
پڕۆسەی ئاشتی دەكەن لە باكوری كوردستان و توركیا.
بەڵێن ئیسماعیل، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی
كوردستان رایگەیاند؛ بۆ ئاگاداربون لە رەوشی تەندروستی ناسر یاگز و تەواوی مانگرتوان،
سەردانی بارەگای هەدەپەیان لە هەولێر كردو پاڵپشتی خۆشیان بۆ مانگرتوان دوپات كردەوە و بەڵێنیاندا
ئەوەی لە توانایاندا بێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە کاری بۆ دەکەن بۆ بەدیهێنانی داواکاری مانگرتوان.
فراکسیۆنی گۆڕان بە پێویستی زانی جارێكی دیكە پڕۆسەی ئاشتی لە باكوری
كوردستان و توركیا دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی ئێستا لە باكوری كوردستان دەگوزەرێت
باشتر بێت و ئەوانیش بە هەمو شێوەیەك هاوكار و هەماهەنگ دەبن.
لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی
پەکەکە، نزیکەی (100) رۆژە لە باشوری کوردستان نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان
(هەدەپە) مانگرتیان راگەیاندوە.
ئا/ هەژار ئەنوەر