سۆز عەبدولقادر: نە داهات نە خەرجى دیار نییە، بۆیە پێویستە پرۆژەیاساى بودجە بنێردرێتە پەرلەمان
13/12/2022
ئەندامێکى
پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسیی ناوخۆیی و دەرەکى لەسەر هەرێمى کوردستان
هەیە، لەو سۆنگەیەوە فراکسیۆنەکەیان بەیاننامەیەکى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و
حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە کە ئامانج لێى گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزى
گفتوگۆ و ئامادەکردنى پڕۆژە یاساى بودجە لەپێناو رێگرتن لە مەترسییەکان و
شەفافییەت لە داهات و خەرجى.
سۆز
عەبدولقادر، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ هەرێمى
کوردستان لە دۆخێکى مەترسیداردایە چ لە ئاستى ناوخۆ چ لە سەر ئاستى دەرەوە، فراکسیۆنى
گۆڕان لە سۆنگەى بەرپرسیارێتیەوە دوێنێ بەیاننامەیەکى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى
پەرلەمان و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان کرد لەپێناو رێکخستنەوەى ناوماڵى کورد و
گەڕانەوە بۆسەر مێزى گفتوگۆ.
دەشڵێت:"بودجە
بابەتێکى حەیاتییە و ماناى سیاسەتى دارایی حکومەتە، چەند ساڵێکە نەهاتوەتە
پەرلەمان بە پاساوى جیاواز، لەم دۆخەى کوردستان دوئیدارەیی و دو دارایی هەیە و خەڵک
هەست بە جیاواى و ناجێگیرى دەکات، تائێستا بودجەیەکى یەکگرتو نیە لە هەرێمى
کوردستان، نە ژمێرەى کۆتایی هاتوەتە پەرلەمان واتە نە داهات نە خەرجى دیار نییە،
دەبێت ئەوانە لە پڕۆژە یاساى بودجە دیارى بکرێت و بنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەى دوبارە
داهات بەشێوەیەکى هاوسەنگ بەسەر ناوچەکان و سێکتەرە جیاوازەکان و خزمەتگوزارییەکان
و بەکاربردن دابەش بکرێ، ئەمە تاڕادەیەک شەفافییەتیش دێنێتە ئاراوە و رێ لە گەندەڵى و بەهەدەردان و ناڕونى دەگرێت"