راگەیەندراوى کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتى

24/12/2022

جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتى گۆڕان پشتگیرى هەوڵەکان دەکەن بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ لەسەر بنەماى دەستور و  دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران، بەپێویستیشى دەزانن؛ حیزبە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەم هێز و وزەی خۆیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا سەرف بکەن، نەک خەڵک بە کێشە حیزبیەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن، هاوکات هەوڵەکانى ئاشتەوایی و بەیەکەوەکارکردنی هەمو ئەو کەسایەتی و هەڵسوڕاوانەی پێشتر لەناو گۆڕان خزمەتیان کردوە بەرز دەنرخێنێت.

ئەمڕۆ شەممە (24/12/2022) دوایین کۆبونەوەی ئاسایی (جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی) لەم ساڵەدا، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر؛
دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی، دوایین ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی و
پرۆسەی ئاشتەوایی و خۆڕێکخستنەوە و بەخۆداچونەوە.



‎دەقى راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

‎رۆژی شەمە (٢٤ی کانونی دووەمی 2022)، دوایین کۆبونەوەی ئاسایی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لەم ساڵەدا، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو.

‎ئەجێندای کۆبونەوەکە، هەڵوەستەکردن بوو لەسەر؛
‎یەکەم. دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی.
‎دوەم. دوایین ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی.
‎سێیەم. پرۆسەی ئاشتەوایی و خۆڕێکخستنەوە و بەخۆداچونەوە.

‎سەبارەت بە تەوەری یەکەم، کۆبونەوەکە پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، لەسەر بنچینەی دەستوریی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی، پرسی خاک، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، پرسی پێشمەرگە، دارایی و وزە، بەشێوەیەک کارنامەی حکومەتەکەی بەڕێز(محەمەد شیاع سودانی) جێبەجێ بکرێت و دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی هاوڵاتیان و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان لە هەرێم؛ پێویستی بە لابردنی کۆسپ و لەمپەڕەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی هەیە، بەتایبەت پێویستە حیزبە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆهەم؛ هێز و وزەی خۆیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا سەرف بکەن، نەک خەڵک بە کێشە حیزبیەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن، چونکە خراپ ئیدارەدانی جیاوازییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارایی حکومەت و ئەدائی خزمەتگوزاری و وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستی و داخوازییەکانی هاونیشتیمانیان هەبوە.

‎تەوەری دوەم، پرسی ئاشتەوایی و خۆڕێکخستنەوە و بەخۆداچونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بو، کۆبونەوەکە بە نرخاندنەوە پێشوازی لەو هەوڵە خەمخۆرانە کرد کە بۆ ئاشتەوایی و بەیەکەوەکارکردنی هەمو ئەو کەسایەتی و هەڵسوڕاوانەی پێشتر لەناو گۆڕان خزمەتیان کردوە و ئێستا لەبەر هەر هۆکارێک ناڕازین لەشێوازی بەڕێوەبردن و لە دەرەوەی پەیکەریی ڕێکخراوەین، لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ و پڕۆژەکانی کەسایەتی دیار و ئەکادیمی (د.بورهان یاسین) بەرز نرخێندرا.

‎تەوەری کۆتایی، پەیوەندیدار بو بە کۆتا ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان. لەو چوارچێوەیەدا، جەخت کرایەوە لیژنەی باڵای کۆنفرانس و دەستەی هەماهەنگی ڕاپۆرتەکان و زۆرینەی کار و ئەرکەکانی کۆنفرانسیان تەواو کردوە و هەنگاوەکان بەرەو بەستنی کۆنفرانس دەنرێن لەنزیکترین کاتدا.

‎٢٤ی ١٢ی ٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر