بڕیاردەرى لیژنەى پێشمەرگە لە پەرلەمان: هاوپەیمانان هۆشدارییانداوه‌ ئەگەر هێزەکانى پێشمەرگە نەکرێنە هێزى دامەزراوە و نیشتیمانى، هاوکارییەکانیان رادەگرن

26/12/2022

بڕیاردەرى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ هاوپەیمانان هۆشدارییانداوه‌ته‌ لیژنەکەیان و حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، بەوەى ئەگەر هێزەکانى پێشمەرگە یەکنەخەنەوە نەیانکەنە هێزێکى دامەزراوە و نیشتیمان، هاوکارییە داراییەکانیان رادەگرن.

رزگار محەمەد نەگڕەیی، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان و بڕیاردەرى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لەبارەى پڕۆسەى یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و داواکارى و نیگەرانى هاوپەیمانان لە سست بەڕێوەچونى ئەو پڕۆسەیە، رایدەگەیەنێت؛ لیژنەکەى ئێمەش و هاوپەیمانیانیش ئاگادارى بەرەوپێشچونەکان و هەندێک لە هەوڵەکانین بۆ رێکخستنەوە بەتایبەت لیواکان و خستنى هێزەکان بۆسەر وەزارەتى پێشمەرگە، بەڵام لە ئەو هەنگاو و هەوڵانە لە ئاستى تموح و چاوەڕوانى ئێمە و ههاوپەیمانانیش نییە، ئەوەش هاوپەیمانانى نیگەران کردوە و "چەند جارێک کە لەگەڵیاندا کۆبوینەتەوە، ئاگاداریان کردینەوە بە حیزبەکانمان بڵێین؛ ئەگەر هێزەکان یەکنەخرێنەوە و لەدەرەوەی وەزارەت بمێننەوە ئەوا ئەوان هاوکاریەکانیان بۆیان رادەگرن و مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن."

جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ هاوپەیمانان چاویان لەسەر هێزەکانی (70 و 80)ی یەکێتی و پارتییە، کە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن و بخرێنەوە سەر وەزارەت، بەڵام پرۆسەکە زۆر بە سستى هێواشی بەڕێوە دەچێت و تائێستا نەخراون.

بڕیاردەرى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگەى پەرلەمان ئاشکراى دەکات هەتا ئێستاش رەنگى جیاواز و سزاى سیاسى لەناو هێزەکان هەیە، هاوپەیمانانیش باش دەزانن چى دەگوزەرێت لەناو هێزەکانى پێشمەرگە و وەزارەت، دەشڵێت: ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن، بەڵام بودجەی پێشمەرگە (٥٠) ملیار دینار زیاد بکات، چونکە یەکێتی و پارتی هێزی دیکە لە جێگەیان و لە دەرەوەی وەزارەت دادەمەزرێنن، ئەمەش هاوپەیمانانی نیگەران کردوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە بزوتنەوەى گۆڕان لەەرەتاى دامەزراندنیەوە داواکاى و فشار دەکات بۆ یەکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و بۆ ئەو بابەتەش پڕۆژەى پێشکەشى دامەزراوەکان کردوە.


هەواڵی زیاتر