گوڵستان سەعید: ناتەبایی و ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى بوەتە گرفت و ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم کارەکانى پەرلەمان

02/01/2023

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ دەستوەردانى حیزبى و ناتەبایی و ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى بوەتە گرفت و ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم کارەکانى پەرلەمانى کوردستان و بەوهۆیەوە پەرلەمان مانگى رابردوى بەبێدەنگى تێپەڕاند، لەکاتێکدا دەبو دانیشتن و کارى بکردایە لەسەر نرخ و  دابینکردنى سوتەمەنى و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و هەموارى یاساى وەبەرهێنان و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى و یاساى هەڵبژاردن.

گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، رەخنە لە دەستوەردان و رەنگدانەوەى ناکۆکى حیزبى لەسەر ئەداى پەرلەمان دەگرێت و دەڵێت: ناتەبایی و ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى هەمیشە بوەتە گرفت و ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم کارەکانى پەرلەمانى کوردستان، لەکاتێکدا پەرلەمانى کوردستان شوێنى نوێنەرانى خەڵکى کوردستانە بە پێکهاتە و رەنگە جیاوازەکان و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام بی رۆل کراوە و پارتى و یەکێتى کەى بیانەوێت کۆبونەوە رێکدەخەن و بەرنامەى کار دەنێن هەرکاتیش ناتەبا بن دانیشتن و کارەکان پەکدەخرێن.

جەخت لە پێویستى ئەوەش دەکاتەوە کە؛ رۆڵ و کارى پەرلەمان بە ئامانجى ئەوە بێت خزمەت بە خەڵکى کوردستان و چارەسەرى کیشەکانسان بکات و دانیشتن بکرێت لەسەر ئەو یاداشتانەى لە رابردودا پێشەکەش کراون پەیوەست بە گرانى نرخى سوتەمەنى و  دابینکردنى سوتەمەنى بۆ هاوڵاتیان، پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران، هەموارى یاساى وەبەرهێنان و خانەنشینى ئاسایش و ناوخۆ و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن و یاساى هەڵبژاردن.

دەشڵێت: "دەبو پەرلەمان لەسەر هەمو ئەو بابەتانە هەڵوێستى جدى هەبوایە و دانیشتنى پەرلەمان رێکبخرایە، نەک ئەوەى کۆتا مانگى ساڵى رابردوى بەبێ دەنگى تێپەڕاند".


هەواڵی زیاتر