رزگار محەمەد نەگڕەیی: دەستوەردان و ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى هۆکارى کۆنەبونەوە و پەکخستنى دانیشتنەکانى پەرلەمانە
08/01/2023
ئەندامێکى
پەرلەمانى کروردستان رایدەگەیەنێت؛ دەستوەردان و ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى
هۆکارى کۆنەبونەوە و پەکخستنى دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستانن و هەر ئەوەش
هۆکارى نەناردنى پڕۆژە یاساى بودجەیە بۆ پەرلەمان، لەکاتێکدا پێویستە پەرلەمان
بەشیوەیەکى یاسایی و پەیڕەوى کارەکانى خۆى بەڕێوەببات و چاودێرى کارەکانى حکومەت و
دامەزراوەکان و بکات و پڕۆژە یاسای گرنگ لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دەربکات.
زیاتر لە
مانگێکە پەرلەمانى کوردستان کۆنەبوەتەوە و کارەکانى پەکى کەوتوە، لەبارەى هۆکارى
ئەو پەکخستنەوە، رزگار محەمەد نەگڕەیی ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى
گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان)، ئاماژە بەوە دەکات؛ پەککەوتنى کارەکانى
پەرلەمان بەهۆى ناکۆکى یەکێتى و پارتییەوە بابەتێکى نوی نییە و لە یەکەم خولى
پەرلەمانەوە چەندین جار کارەکانى پەرلەمان بۆ ئەو ململانێ و ناکۆکییانەوە لەلایەن
ئەو دوهێزەوە پەک خراوە کە ئەو ناکۆکیانەش لەپێناو بەرژەوەندى باڵاى خەلک و باشتر
ئیدارەدانى دامەزراوەکان نییە، بەڵکو بەهۆى ناکۆکی و بەرژەوەندییە حیزبیەکانیانەوەیە.
دەشڵێت: ئێستاش
بە ئیعاز و دەستوەردانى حیزبى پەرلەمان کۆنابێتەوە و پەکخراوە، لەکاتێکدا دەبو گرنگى
پەرلەمان بپارێززرایە بەوپێیەى مەرجەعى یاسایی و دامەزراوەیەکى گرنگ و گەورەى
هەرێمى کوردستانە، بەڵام پارتى و یەکێتى ئەوە نابینن و نایانەوێت پەرلەمان کارابێت
و کارەکانى خۆى بەشێوەیەکى پەیڕەوى بەڕێوە ببات و هەمیشە دەیانەوێت بەرامبەر
حکومەت و دامەزراوەکانى دیکە بێ رۆڵ و کاریگەرى بکەن.
لەبارەى
نەناردنى پڕۆژە یاساى بودجە بۆ پەرلەمان و رۆڵى لە بەردەوامیدان بە ناڕونى لە
داهات و خەرجییەکان، ئەندامەکەى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت: ئەوەش لە چوارچێوەى
بەرژەوەندى حیزبى دو هێزەکەى دەسەڵات و بێ رۆڵکردنى پەرلەمان و دەسەڵاتدانە بە
حکومەت، لەکاتێکدا نەهاتنى بودجە بۆ پەرلەمان گرفتێکى گەورەیە و وادەکات کە رون
نابێت داهات چەندە و چۆن کۆدەکرێتەوە و دەچێتە گیرفانى کێ و چۆنیش خەرج دەکرێت،
ئەگەر ساڵانە یاساى
بودجە پەسەند بکرێت، دەزانرێت داهات چەندە و بەشێوەیەکى پلان داڕێژراو و هاوسەنگ و
پێویستى بەسەر سێکتەرە جیاواز و وەزارەتە جیاوازەکان دابەش دەکرێت و دەخرێتە
خزمەتى کۆى سێکتەرەکان و هاوڵاتیانەوە.