سۆز عەبدولقادر: پێویستە یاساى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرێت
10/01/2023
پەرلەمانتارێکى گۆڕان جەخت لە پێویستى پەسەندکردنى یاساى بودجە دەکات لە پەرلەمان و رایدەگەیەنێت؛ نەبونى یاساى بودجە وایکردوە داهات و خەرجى ناڕون بێت و کەرتى گشتى و تایبەتیش نەتوانن پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن، واى لە تاکیش کردوە متمانەى بە حکومەت نەمێنێت و ژینگەى کارکردنیش توشى ئیفلیجى و ئیحتیکارى کۆمپانیا زەبەلاحەکان بوە.
سۆز عەبدولقادر، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (گۆڕان) ئاماژە بە گرنگى و پێویستى ناردنى یاساى بودجە دەکات لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان، بەوپێیەى "بودجە بە ماناى دانانى پلانى داریی ساڵێکى حکومەتە بۆ هەمو سێکتەرەکان، دو لایەنى سەرەکیش لە خۆى دەگرێت کە داهات و خەرجییە و دەبێت ئەو دو لایەنە بە رۆشنى دیار بێت بۆئەوەى پێداویستى هەمو سێکتەرەکان لەماوەى ئەو ساڵەدا بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە چ بە بودجەى تەشغیلى چ بودجەى پڕۆژەکان، کاتێک پڕۆژەیاساى بودجە نایەتە پەرلەمان واتە حکومەت ناڕۆشنى دروست دەکات و نازانرێت ئەو داهاتە چۆن کۆکراوەتەوە و چۆن و بە چ میکانیزمێکیش دابەشى سەر سێکتەرە جیاوازەکان کراوە، ئەو خەلەلەى لە کوردستانیش هەیە هۆکارى سەرەکى ئەوەیە ناڕۆشنى هەیە و هیچ سێکتەرێک ناتوانێت چۆن کارەکانى بەرەو پێش ببات".
ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ کە یاساى بودجە نەبو، ژمێرەى کۆتایش نیە واتە لە ساڵى رابردو چەندى بە فیعلى جێبەجێ کراوە، چونکە بودجە پلان و خەمڵاندنە و ژمارەى فیعلى نین، بۆیە ژمێرەى کۆتایی هێندەى بودجە گرنگە بۆئەوەى لەسەر ئەو بنەمایە بۆ ساڵى دواتریش رون بێت چ گۆڕانکارییەک لە یاساى بودجە بکرێت".
دەشڵێت: بەداخەوە چەند ساڵێکە لە هەرێمى کوردستان پلانى دارایی حکومەت نانێردرێتە پەرلەمان، ئەمەش واى کردوە بودجەى تەشغیلى و پڕۆژەکان و ژێرخانى ئابورى زیانى گەورەیان بەربکەوێت، جگە لەوەى بودجە هەر بۆ حکومەت و سێکتەرەکان گرنگ نیە، بەڵکو بۆ کەرتى تایبەتیش گرنگە و کەرتى تایبەت و سەرمایەداران بەرچاویان رون نیە بۆ جێبەجێکردنى کار و پلانەکانیان، هاوڵاتیانیش نازانن ئەو باج و رسوماتانەى دەیدات دەچێتە کوێ و واى لێدەکات متمانەى بە حکومەت نەمێنێت و هەر بەوهۆیشەوەیە کە ژینگەى کارکردن توشى ئیفلیجى و ئیحتیکارى کۆمپانیا زەبەلاحەکان بوە".
لەبارەى روانینى فراکسیۆنى گۆڕانەوە، سۆز عەبدولقادر دەڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان یەکێک لەو بابەتانەى لەسەرەتاوە لە بەرنامەکانى بە هەمەلایەن رونى کردوەتەوە و کارى بۆ کردوە بونى یاساى بودجە و شەفافى بوە لە بودجە و داهات و خەرجى، ئێستاش کە پێداگرى لە چاکسازى دەکەین بەبێ شەفافیەت لە داهات و خەرجى و ژمێرەى کۆتایى و ئەوە نابێت کە هاوڵاتى هەست بە هاوڵاتیبونى خۆیى بکات.
وتیشى: "پێشتر لەژێر فشارى فراکسیۆنى گۆڕان، پڕۆژە یاساى بودجە نێردرایە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە لەدواى ئەوەوە بە پاساوى قەیرانى دارایی نەنێردراوە، ئێمە بەجدى کار لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە و کاردەکەین هەرچونێک بێت لەم چەند مانگەى ئەم خولەى پەرلەمان حکومەت پڕۆژەیاساى بودجە بنێرێتە پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر باب و بەشەکانى بکرێت، چونکە خۆدزینەوە لە ناردنى بودجە خۆدزینەوەیە لە مافى هاوڵاتیان".