کاردۆ محەمەد: سەرچاوەی کێشەکانی هەرێم یەکێتی و پارتین

19/01/2023

رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی ململانێ و ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییەوە، هاوڵاتیان هەمیشە لە دودڵی و ناسەقامگیریدا ژیاون و ئەوەش کاریگەری کردوە لە سەرجەم کەرتەکانی ژیان.

کاردۆ محەمەد، رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (رادیۆی دەنگی گۆڕان)ی رایگەیاند؛ بەهۆی دابەشکاری هێز و ململانێکانی یەکێتی و پارتییەوە، نەتوانراوە مافەکانی خەڵک وەکو یەک وەربگیرێت و جیاوازی دەکرێت، بەتایبەت لە پرسی خزمەتگوزاریی کە ئاڕاستەکە بەرەو خراپتربونی دۆخەکەیە.

دەشڵێت: حیزب رێگەی نەداوە دەسەڵاتەکان بۆ حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بگوازرێتەوە و وایکردوە حیزبەکان حوکم بکەن، کاتێکیش حیزب دەسەڵاتی هەبو، چەکی هەبو، پارەی هەبو، هەروەها داهات و سەرچاوەی ژیانی خەڵک لەلای حیزبەوە بو، ئەوا هیچ بەهایەک بۆ پەرلەمان و پڕۆسەی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی نامێنێ.

کاردۆ محەمەد بەپێویستى دەزانێت؛ پەرلەمان ببێتەوە بە پەرلەمانێکی کارا و دامەزراوەیەک کە بەڕاستی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات، دەسەڵاتی دادوەریش ببێتە دەسەڵاتێک کە یاسا جێبەجێ بکا و حکومەتیش حکومەتی هاوڵاتی بێت.

رونیشیکردەوە، کێشەکانی هەرێمی کوردستان زۆرن، کە سەرچاوەکەی ململانێی دەسەڵاتی نێوان هەردو حیزبە کە دەرکەوت بەم پینە و پەڕۆیە دۆخەکە چاک نابێت.


هەواڵی زیاتر