ژنانى گۆڕان رێورەسمێک ساز دەکەن
08/03/2019
ژنانى هەڵسوڕاوى
بزوتنەوەى گۆڕان لە یادى (8)ى مارس-دا رێورەسمێک ساز دەکەن و جگە لە بەخشینى رێزلێنان
و سوپاسنامە بە ژنانى هەڵسوڕاو و دایکانى شەهیدانى (17)ى شوبات و رۆژانى دوایى،
جەخت دەکەنەوە لە بەردەوامیدان بە خەباتى ژنان لەپێناو ئازادى و دابینکردنى
بەرکەوتەى (30%)ى ناوەندەکانى بڕیار لە کایەى سیاسى و حکمڕانى بۆ ژنان.
پەیام ئەحمەد ئەندامى لیژنەى
ئامادەکارى رێورەسمەکە بە (سبەى) راگەیاند؛ سبەینێ سەعات (10:00)ى بەیانى لە گردى
زەرگەتە رێورەسمێک بەبۆنەى هەشتى مارسەوە رێکدەخەین و تێیدا خەڵاتێکى رێزلێنانى
مەعنەوى و سوپاسنامەیەک بە ئیمزاى رێکخەرى گشتى پێشکەشى ژمارەیەک لە ژنانى
هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان لە مەکۆ و بازنەکان و دایکانى شەهیدانى (17)ى شوبات
دەکەین.
جەختى لەوەشکردەوە کە
لە رێوڕەسمەکەدا یاداشتێک دەخوێنرێتەوە کە تێیدا ئاماژە بە ئاستەنگەکانى بەردەم
خەباتى ژنان و بەردەوامیدان بە بەدەستهێنانى ماف و ئازادیییەکان دەکرێتەوە لەگەڵ
جەختکردنەوە لە بنیاتنانى ئابورى سەربەخۆى ژنان و وتیشى: "بەدیهێنانى ماف و
خواستەکانى ژنان و جەختکردنەوە لە بەرکەوتەى (30%)ى ناوەندەکانى بڕیار لە کایەى
سیاسى و حکمڕانى بەشێکن لە ناوەڕۆکى یاداشتەکە".