شاخەوان رەئوف بەگ: داوای زیادکردنی پشکی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوری هەرێم دەکەین
23/01/2023
سەرۆکی
لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ
شاندێکی پەرلەمان لە بەغدادە بۆ تاوتوێکردنی زیادکردنی پشکی دامەزاندن لە پاسەوانی
سنوری هەرێم و پرسی بە پارێزگابونی هەڵەبجە.
شاخەوان رەئوف
بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان
لەبارەی سەردانەکەیانەوە بە کەناڵى (کەی ئێن ئێن)ی راگەیاند؛ لە رۆژى یەکشەممە لە
چوارچێوەی شاندی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدامان کردوە و بڕیارە ژمارەیەک
دیدار و کۆبونەوە ئەنجام بدەین، لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی پەرلەمانی عێراق و
لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ دەکەین و لەگەڵیان کۆدەبینەوە.
وتیشی: چەند
پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەین، لەوانەش کێشەی ناوچە
سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران، هەروەها یەکێک لە خاڵەکان
بابەتی بۆردومانی سنورەکان و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، خاڵێکی دیکە لە کۆبونەوەکان داوای زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی پاسەوانی
سنور دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان کە بڕیارە دابمەزرێن، لەگەڵ پرسی بۆشایی ئەمنی لە
ناوچە جێناکۆکەکان کە بوەتە هۆی تەراتێنی چەکدارانی داعش و شانەنوستوەکان و گرنگە
بە هەردولا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە.
شاخەوان رەئوف
بەگ، کە هاوکات بەرپرسى نوسینگەى هەڵەبجەى پەرلەمانیشە ئاماژە بەوە دەکات؛ خاڵێکی
دیکەی کۆبونەوەکانیان، پرسی بە پارێزگابونی هەڵەبجە دەبێت کە تائێستا حکومەتی
عێراق بە فەرمی بە پارێزگابونی شارەکەی رانەگەیاندوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ
وەزیری ناوخۆ کۆدەبنەوە و داوا دەکەن بە فەرمی بە پارێزگابونی هەڵەبجە بناسێنن،
لەگەڵ ناساندنی ئەو مەرزانەی تائێستا بە فەرمی نەکراونەتەوە.