شاخەوان رەئوف بەگ ئەنجامى سەردانى شاندەکەیان بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات
25/01/2023
شاخەوان رەئوف
بەگ ئەنجامى سەردانى لیژنە پەرلەمانییەکەیان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ پرسى
بەزاندنى سەروەرى خاک و بۆردومانەکان، زیادکردنى ژمارەى دامەزراندنى پاسەوانى سنور،
بۆشایی ئەمنى لە ناوچە دابڕێنراوەکان و پرسى بڕیارى بەپارێزگابونى هەڵەبجەمان بردە
سەر مێزى گفتوگۆکان و "سکرتاریەتێکى هاوبەشمان لەگەڵ لیژنەى بەرگرى و ناوخۆ
دروستکردوە بۆ کارى هاوبەش و هەنگاوەکانى ئایندە و چاودێرى ئەنجامى کۆبونەوەکان".
شاخەوان رەئوف
بەگ، سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانى کوردستان
دواى ئەنجامدانى زنجیرەیەک کۆبونەوە لە بەغدا و گەڕانەوەى شاندەکەیان لەبارەى ئامانج
و ناوەڕۆکى کۆبونەوەکانەوە بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: بۆ یەکەمجار وەک شاندێکى
لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانى پەرلەمانى کوردستان سەردانى بەغدامان
کرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و لیژنەى بەرگرى و ناوخۆى
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ تاوتوێکردنى چەند
تەوەرێکى گرنگ پەیوەست بە خاک و خەڵکى هەرێممى کوردستان.
وتیشى: گرنگترین
تەوەرى کۆبونەوەکان بەزاندنى سەروەرى خاک و بۆردومانى ناوچە سنورییەکان، زیادکردنى
میلاکاتى هێزەکانى سنور و زیادکردنى ئەو ژمارەیەى بۆ هەرێمى کوردستان دەستنیشان
کراوە، بۆشایی ئەمنى لە ناوچە دابڕێنراوەکان و پێویستى پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانە و
بڕیارى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە بون، ئێمە جەختمان کردوەتەوە لەوەى هەمو ئەوانە
پێویتى بە هەنگاوى جدى و دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو و هەڵوێستى جدیی ئەنجومەنى
نوێنەران و ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق هەیە و پێویستیان بە چارەسەرە.
شاخەوان رەئوف
بەگ کە هاوکات سەرۆکى نوسینگەى هەڵەبجەى پەرلەمانى کوردستانە ئاماژە بەوە دەکات؛ لە
بەهارى ساڵى (2021)ەوە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجومەنى وەزیرانى راسپاردوە
رێکارە کارگێڕییەکان بگرێتە بەر بۆ بەپارێزگابونى هەڵەبجە، بەڵام کەمتەرخەمى
هەبوە، "بۆیە داوامان کردوە جەخت بکرێتەوە لە ئەنجومەنى وەزیران بۆئەوەى
بڕیارى بە پارێزگابونى هەڵەبجە دەربکەن، چونکە شارێکى قوربانیدەر و خاوەنى هەزاران
شەهیدە و چەند جارێک توشى وێران کردن بوەتەوە و پێویستە قەرەبوش بکرێتەوە و مەرزى
سازان لە سنورەکە بەفەرمى بکرێتەوە و ببێتە پاڵپشتێکى ئابورى بۆ پارێزگاکە".
لەبارەى
دەرەنجامى کۆبونەوەکانەوە، شاخەوان رەئوف بەگ دەڵێت: تاڕادەیەکى باش بەدەمەوەچون
هەیە، لە کۆبونەوەکان خاڵى هاوبەشمان هەبوە و بەدواى ئەوەین میکانیزمێک بۆ
کارکردنى هاوبەش بدۆزینەوە و بڕیاریشمان داوە بە دروستکردنى سکرتاریەتێک لەنێوانمان
بۆ ئیدارەدانى کۆبونەوەى هاوبەش و چاودێرى ئەنجامەکانى ئەم زنجیرە کۆبونەوەیەى
کردومانە و بڕیاریشە لە داهاتودا شاندى لیژنەى بەرگرى سەردانى هەرێمى کوردستان
بکات و بیانبەینە ئەو ناوچە سنوریانەى بەزێندراون و هەمیشە لەژێر هەڕەشەى بۆردومان
و تۆپباراندان و مەترسى لەسەر خەڵک و خاکى ئەو ناوچانە هەیە.