لێپرسراوى نوسینگەى هەڵەبجەى پەرلەمان: پارێزگاى هەڵەبجە تایبەتمەندى هەیە و یەکێک بوە لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆبونەوەکانمان لە بەغدا
29/01/2023
لێپرسراوى نوسینگەى هەڵەبجەى پەرلەمانى
کوردستان رایدەگەیەنێت؛ پارێزگاى هەڵەبجە بۆ ئێمە گرنگى و تایبەتمەندى زۆرى هەیە،
بۆیە لە سەردانەکەشمان بۆ بەغدا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان پرسى رێکارە کارگێڕییەکانى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە
و بە فەرمى ناساندن و کردنەوەى مەرزى سازان و زیادکردنى ژمارەى دامەزراندنى پاسەوانى
سنوربوە بەتایبەت بۆ سنورى هەڵەبجە.
شاخەوان رەئوف
بەگ، لێپرسراوى نوسینگەى هەڵەبجەى پەرلەمانى کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (2023/1/29)،
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەبارەى ناوەڕۆکى سەردانەکەیان بۆ بەغدا و کۆبونەوەکانیان
لەگەڵ لایەنە لیژنەى ئاسایش و بەرگرى ئەنجومەنى نوێنەران و سەرۆک کۆمار و
نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان رایگەیاند: پارێزگاى هەڵەبجە تەوەرێکى
سەرەکى دیدار و کۆبونەوەکانمان بوە کۆمەڵێک داواکاریمان پێشکەش کردوە لەوانە
تەواوکردنى رێکارە کارگێڕییەکانى بەپارێزگابونى هەڵەبجە و کردنەوەى مەزرى سازان بە
رەسمى کە دەبێتە هۆى کرانەوەى زیاترى هەڵەبجە و سودى ئابوریشى بۆ خەڵکى ناوچەکە
دەبێت لەگەڵ زیادکردنى ژمارەى دامەزراندنى هێزەکانى پاسەوانى سنور کە سێ هەزار کەس
بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکراوە، جەختمان کردوەتەوە لەوەى ئەو ژمارەیە کەمە و
پێویستە زیاد بکرێت بەتایبەت بۆ هەڵەبجە کە ناوچەیەکى بەرفراوانى سنوریی هەیە.
شاخەوان رەئوف
بەگ دەشڵێت: لە دیدارەکاندا جەختمان کردەوە لەوەى پارێزگا هەیە نیوەى هەڵەبجە
قوربانى نەداوە لەسەر دەستى رژێمەکانى پێشو، بەڵام لەلایەن حکومەتى عێراقەوە کارى
گەورەى بۆ کراوە، بۆیە پێویستە تایبەتمەندى و قوربانیدانى هەڵبەجە لەبەرچاو
بگیرێت.
ئاماژە بەوەش
دەکات؛ هەریەکە لە لیژنە پەرلەمانییەکە و سەرۆک کۆمار و نوێنەرایەتى حکومەتی
هەرێمیش کۆک بون لەگەڵ رەوایەتى داواکاریەکانمان و بەڵێنیاندا لەگەڵ ئەنجومەنى
وەزیران گفتوگۆ بکەن بو بە فەرمى ئاگاداریان بکەنەوە بۆ جێبەجێکردنى داواکاریەکانمان
و سکرتاریەتێکیشمان پێکهێناوە لەنێوان لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە
خۆجێییەکانى پەرلەمانى کوردستان و لیژنەى ئاسایش و بەرگرى ئەنجومەنى نوێنەرانى
عێراق بۆ چاودێرى و بەدواداچونى ناوەڕۆکى تەوەر و کۆبونەوە و داواکارییەکانمان و
لیژنەکەشمان
بانگهێشتکردوە بۆئەوەى لە ئایندەیەکى نزیکدا سەردانى هەرێمى کوردستان و ناوچە
سنورییەکان بکەن.