دلێر عەبدولخالق: پێویستە پەرلەمان فشار لە حکومەت و حیزبەکان بکات بۆ تێپەڕاندنى قەیران و کێشەکان

15/03/2023

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ پەرلەمانى کوردستان لەبەردەم قۆناغێکى چارەنوسسازدایە بۆ راپەڕاندنى ئەرکەکانى بەتایبەت یاسادانان و زیادکردنى چاودێرى دامەزراوەکانى حکومەت بۆئەوەى وەڵامدانەوەى کێشە و داواکارییەکانى خەڵک لەلایەن ئەو دامەزراوانەوە زیاتربێ، پێویستە فشاریش لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان بکات لەپێناو تێپەڕاندنى قەیران و کێشەکان.

دلێر عەبدولخالق، کە وەک ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان سوێندى یاسایی خوارد، ئاماژە بەوە دەکات؛ لە چوارچێوەى پابەندبون بە ستراتیجى سیاسەتى بزوتنەوەى گۆڕان وەک ئەندامى پەرلەمان دەستبەکاربوە و دەشڵێت: پەرلەمان ماوەیەکى کەمى ماوە و لەبەردەم قۆناغێکى چارەنوسسازدایە بۆ راپەڕاندنى ئەرکەکانى، لەپێش هەمویانەوە پرسى هێنانى بودجە بۆ پەرلەمان کە لە ساڵى (٢٠١٤)ەوە نەهاتوەتە پەرلەمان، ئەمەش وایکردوە زیاتر هەست بە پەشێوی و بێپلانى لە داهات و خەرجى و گەندەڵى بکرێ، هەروەها هەموارى یاساى هەڵبژاردن و کۆمەڵێک پرسى تر کە پەیوەندى بە ژیانى خەڵکەوە هەیە بەتایبەت پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران و گرێبەست و وانەبێژان.

وتیشى: پێویستە پەرلەمانى کوردستان رۆڵى یاسادانان و چاودێرى دامەزراوەکانى حکومەت زیاتر بێ، بۆئەوەى وەڵامدانەوەى کێشە و داواکارییەکانى خەڵک لەلایەن ئەو دامەزراوانەوە زیاتربێ، پێویستیشە پەرلەمان فشار لە حکومەت و هێزولایەنە سیاسییەکان بکات لەپێناو تێپەڕاندنى قەیران و کێشەکان.


هەواڵی زیاتر