ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی گۆرانەوە
09/04/2023
فراکسیۆنی گۆران لە پەرلەمانى کوردستان داواکارییەک دەخاتە بەردەم سەرۆکایەتى و ئەندامانى پەرلەمان و داواى دانیشتنى بەپەلەى پەرلەمان دەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى سەرۆک و جێگرى سەرۆک وەزیران
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان..
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان..
ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان..
دوای چەند ساڵێک لە داواکاری و پێشنیاز و پڕۆژەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاکسازی ڕیشەیی و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا، لەم دۆخە دژوار و پڕ کێشمەکێشمی سیاسییە، کە دەرهاویشتەی نەرێنی بۆسەر ئێستا و داهاتوی هەرێم دەبێت؛ چەند بارە جەخت دەکەینەوە لەسەر چەند داواکارییەک ، لە گرنگترینیان بە نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان، ڕێکخستنەوە و بە دەزگاییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان و دەزگا هەواڵگیرییەکان، ڕوونی لەسەرچاوەکانی داهات و شێوازی خەرجکردن، ڕێکخستنەوەی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی و وڵاتانی ئیقلیمی و دەوڵەتانی دەرەوە، سنوردانان بۆ ململانێی حیزب و کەسی و حساب نەکردن بۆ بەرژەوەندی گشتی.
لەو چواچێوەیەدا، بانگەوازێک وەک بەرپرسیارێتی نیشتیمانی بۆ ئەم قۆناغە دەخەینەڕوو، کە بریتیە لەوەی پەرلەمانی کوردستان دور لە ئینتیمای حیزبی و وەک سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی هێزە نیشتیمانییەکان و ئامادەکردنی وەرەقەیەکی نیشتیمانی؛ کۆبونەوەیەکی بە پەلە بۆ گفتوگۆکردن و دانانی ڕێگەچارە بە بەشداری هێزە دەسەڵاتدارەکان ڕێکبخات، بە ئامانجی ڕێککەوتن و ڕاگرتنی شەڕی میدیایی و دەربڕینی نابەرپرسیارانە بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان.
ئەوەش بەبیردەهێنینەوە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆران، کە بەشداربوین لە کابینەی نۆیەم بۆ سەرپێخستنی چاکسازی ڕیشەیی و ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی هەرێم و جەختکردنەوە لە بەها سیاسیەکانمان، کە گوزارشتن لە پەیڕەوکردنی حوکمڕانی دروست و دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات لەلایەک و لەنێوان پارت و لایەنە سیاسیەکانی دیکە لەلایەکی دیکە، هەربۆیە بە پێویستی دەزانین، جگەلە جەختکردنەوەی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەمان و کارنامەی کابینەی وزاری، بە ڕاشکاوی چەند خاڵ و داواکارییەک بخەینەڕوو:
١- لەپێناو نەهێشتنی ئاسەوارەکانی دو ئیدارەیی و یەک حکومەتی؛ پێویستە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی بە پەلە ئەنجام بدات بۆ چارەسەری کۆی گرفتەکان و چارەسەر و کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی هەردوو بەڕێزیان بکرێت .
٢- بەهەند وەرگرتنی سەرنج و هۆشیارینامە و ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بارەی دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێم و بە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان.
٣- شەفافیەت لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، بە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
٤- دەستهەڵگرتن لە پەیوەندیە حیزبیەکان و بە نیشتیمانیکردنی ئەو پەیوەندیانە لەژێر سایەی دامەزراوەیەکی نیشتیمانی بۆ رێکخستنی پەیوەندیەکان .
٥- ڕێکخستنەوەی ڕوانگەی نیشتیمانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم لەگەڵ هێزە سیاسیەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لەچوارچێوەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان.
٦- ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی راستەقینە لە پێناو گۆرانکاری سیاسیی و ڕەوایەتی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان، نەک هەڵبژاردن لە پێناو هەڵبژاردن، بێ زەمینەسازی و نەبونی سەقامگیری سیاسیی و کاری پێکەوەیی.
٧- کۆتاییهێنان بە کارکردنی حیزبیانەی دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی و پارتی، لەبری ئەوە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەزگایەکی هەواڵگری نیشتیمانی تۆکمە، لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ ئەوەی کە ئەرکە نیشتیمانیەکان بۆ رووبەرووبونەوەی مەترسیەکان جێبەجێ بکات
فراکسیۆنی گۆران لەپەرلەمانی کوردستان
٩ی نیسانی ٢٠٢٣