پەرلەمانتارێکى گۆڕان: هیچ بەهانە و پاساوێک نەماوە بۆ نەناردنى یاساى بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان

08/05/2023

پەرلەمانتارێکى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەهۆى نەبونى بودجەوە کۆى پڕۆسەى داهات و خەرجى گومانى لەسەرە و هیچ بەهانە و پاساوێکیش نەماوە بۆ نەناردنى یاساى بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان،  بەڵام ئەوەى هۆکارە ناکۆکى و شەڕى پارتى و یەکێتیە لەسەر دەسەڵات و خەرجى پارە.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى کوردستان لەبارەى پرسى پاشەکەوتى موچە و چەند پرسێکى داراییەوە ئاشکراى دەکات؛ فراکسیۆنى گۆڕان داوای کرد هەمو موچەخۆرێکى هەرێمى کوردستان ئەژمێرێکى بۆ بکرێتەوە و کۆى پارە پاشەکەوتکراوەکانى بچێتە سەر ئەو ئەژمارە و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەپێى دۆخى دارایی مامەڵە لەگەڵ گەڕاندنەوەى بکات، ئەم داواکارییە لە لیژنەى دارایی پەرلەمان لە یاساى چاکسازى جێگیرکراوە، هاوکات بڕیارێکى وەزارەتى دارایی هەیە کە پاشەکەوت لە ئەماناتەوەکراوەتە قەرز لەسەر حکومەتى کوردستان و دەبێت بیداتەوە.

ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان ئەوەدەخاتەڕو کە پارتى و یەکێتى دو ئیدارەیی لە بابەتى دارایی پەیڕەو دەکەن و تەنانەت ئەو دۆخە بۆ بەغدا گوزاراوەتەوە و ناکۆکییەکانى ناوخۆ و نێوانى پارتى و یەکێتى بوەتە هۆى دەرکردنى چەندین بڕیار دژى کورد و زیانى گەورەى داوە لە پڕۆسەى سیاسى بەشێوەیەک ئەو دو حیزبە دادگاى فیدراڵى دژى یەکتر بەکاردەهێنن، "بەڵام بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى گەلى کورد و مافە دەستورییەکان سودى لێ وەرناگرن، بۆیە پێویستە لەمەودوا بە دیدى نیشتیمانى و لەبەرچاوگرتنى دۆخ و گوزەرانى خەڵک لایەنە سیاسییەکان مامەڵە بکەن".

ئاماژە بەوەش دەکات؛ پێویستە حکومەتى عێراق قەرەبوى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە تا ئەو کاتەى پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە

لەبارەى پڕۆژەى بودجەوە کە چەند ساڵێکە حکومەت ئامادەى نەکردوە، ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمان دەڵیت: ئەگەر پێشتر پاساوى کۆرۆنا و بابەتى دیکە هەبوبێت، ئێستا هیچ بەهانە و پاساوێک نییە بۆ نەناردنى یاساى بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان،
بەهۆى نەبونى بودجەوە کۆى پڕۆسەى داهات و خەرجى گومانى لەسەرە چونکە بە یاسا رێکنەخراوە، ئەوەشى هۆکارە ناکۆکى و شەڕى پارتى و یەکیتیە لەسەر دەسەڵات و خەرجى پارە ئەگەرنا ئەگەر ئەو ناکۆکییە نەبێ دەتوانرێ بە ئاسانى پڕۆژە یاساکە بنێردرێتە پەرلەمان.


هەواڵی زیاتر