پەرلەمانتارێكی گۆڕان: حکومەتی ئیتحادی براوەی دەستبادان و دەستشکاندنەوەی نێوان پارتی و یەكێتیە
27/05/2023
پەرلەمانتارێكی گۆڕان رایدەگەیەنێت: حکومەتی ئیتحادی براوەی یەکەمی ئەو دەستبادان و دەستشکاندنەوەیەی نێوان پارتی و یەكێتیە و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و ژیان و موچە و بژێوی خەڵک؛ دەستتاڕی ململانێی سیاسیی بەغدا-هەولێر دەیهاڕێت، بۆیە سازان و بەیەکەوەکارکردن و گەیشتنە دەرچەیەک بۆ داڕشتنی ستراتیجێکی سیاسیی کوردستانی، گونجاوترین وەڵامە بۆ ئەو پێشهات و ڕوداوە سیاسیی و ئاڵنگارییە نوێیانەی لە داهاتوی نزیکدا ڕوبەڕووی هەرێم دەبنەوە.
دلێر عەبدولخالق، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات: ئەوەی پارتی لە هەرێم دەیکات، ئەوەی یەکێتیش لە بەغدا دەیکات؛ بە کردار بنکۆڵکردنی پایەکانی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستانە و لەو دۆخەشدا حکومەتی ئیتحادی براوەی یەکەمی ئەو دەستبادان و دەستشکاندنەوەی ئەم دوو پارتەیە، لەبەرامبەریشدا مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و ژیان و موچە و بژێوی خەڵک؛ دەستتاڕی ململانێی سیاسیی بەغدا-هەولێر دەیهاڕێت.
دەشڵێت: هەرێمی کوردستان بژاردەکانی کەمن، تاکڕەویی و حیزبایەتی بەرتەسک ماڵوێرانی زیاتری بەدواوەیە، بەپێچەوانەوە سازان و بەیەکەوەکارکردن و دداننان بە هەڵەی (٣٠) ساڵ حوکمڕانی، کە لە ناوەڕۆکدا هەمو لایەنە سیاسیەکان بگەنە دەرچەیەک بۆ داڕشتنی ستراتیجێکی سیاسیی کوردستانی، دەبێتە گونجاوترین وەڵام بۆ ئەو پێشهات و ڕوداوە سیاسیی و ئاڵنگارییە نوێیانەی لە داهاتوی نزیکدا ڕوبەڕووی هەرێم دەبنەوە.