دلێر عەبدولخالق: دەستپێشخەرییەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بە ئامانجى کردنەوەى گرێکوێرەکان و سازان و دانانى ستراتیجێکى نیشتیمانییە لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان

29/05/2023

پەرلەمانتارێکى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە دنیادا حیزب ئامرازێکە بۆ چارەسەری کێشەکانى خەڵک، بەڵام لە هەرێمى کوردستان بەپێچەوانەوە پارتی و یەکێتی خۆیان بون بە کێشە بۆ خەڵک و هەمو کۆمەڵگەى کوردستان سەرقاڵى کێشەکانى ئەوانە، دەشڵێت: ئەو دەستپێشخەرییەى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاندوە بە ئامانجى کردنەوەى گرێکوێرەکان و سازان و دانانى ستراتیجێکى نیشتیمانییە لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان.

دلێر عەبدولخالق، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ پارتى و یەکێتى لە قۆناغى شەڕى ناوخۆدا سەدان گەنجى بەدبەختیان کردە قوربانى، کە دواتریش پارە زۆر بو رێککەوتنیان کرد بۆ دابەشکردنى، ئێستاش کێشەکانیان لەسەر پارچەیەکى دیکەى کێکە نەک کێشە و داواکارى و خزمەتگوزارى خەڵک.

هەروەک پێیوایە؛ پارتى و یەکێتى هەمو مەترسی و ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەرێم و حکومەت و خەڵک دەبینن، بەڵام هەست بە بەرپرسیارێتى نیشتیمانى ناکەن و بەرژەوەندى خەڵک و ئەم خاکەیان لەدواى بەرژەوەندى خۆیان داناوە و بەرژەوەندى کاستێکى ناو حیزبەکانیان لە پێش هەمو بەرژەوەندییە باڵاکانەوە دادەنێن.

لەبارەى ئەو دۆخەى لە عێراق بەرامبەر کورد دەگوزەرێت، پەرلەمانتارەکەى گۆڕان دەڵێت: کێشەکانى یەکێتى و پارتى تەنها لە ناوخۆدا نەماوەتەوە و گواستویانەتەوە بۆ بەغدا و خەڵک باجەکەى دەدات، هەر ئەوەشە وایکردوە حکومەت و پەرلەمانى عێراق چیان بوێت بەرامبەر هەرێمى کوردستان جێبەجێى بکەن و فشار بکەن و نوێنەرانى کورد لە بەغدا نوێنەرى بەرژەوەندى حیزبن نەک خەڵکى کوردستان و بێ رۆڵترین کەسن لە داکۆکیکردن لە کێشە نەتەوایەتییەکان.

سەبارەت بە هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان، دلێر عەبدولخالق دەڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان دەستپیخەرییەکى بەرپرسیارانەى راگەیاندوە بەوەى هێزێکى سەربەخۆیە، بەڵام هاوکارە بۆ دانانى ستراتیجێکى نیشتیمانى، گرنگە هەمو لایەنە سیاسییەکان بەرەو پیرى بێن یان دانیشتنێک بکرێت لەسەر ئاستى باڵا یان هەر جۆرێک لە جۆرەکان بۆ کردنەوەى گرێکوێرەکان و گەیشتن بە سازان، چونکە بەبێ ئەوە پەرت ئەبین و لایەنێک زاڵ ئەبێت بەسەر بەرژەوەندییەکانى میلەتەکەمان.


هەواڵی زیاتر