سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: راپۆرت و پێشنیاز و بۆچونى خۆمان لەبارەى پێشێلکردن و پاشەکشەپێکردنى ئازادییەکان بە سەرۆکایەتى پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندوە
30/05/2023
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە هەرێمى کوردستان
و لەسایەى حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا نە مافى مرۆڤ وەک پێویست پارێزراوە نە ئازادى
دەربڕین و ئازادى سیاسى و رۆژنامەگەرى و پێشێلکارى زەقى یاسایی و ئەمنى هەیە، "لەبرى
رەتکردنەوەى راسپاردەى وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەبارەى پاراستنى مافى
مرۆڤ و ئازادییەکان و مافى هاوڵاتیان و بەرقەرارکردنى دیموکراسییەت، دەبێت چارەسەر
بدۆزرێتەوە و کرانەوەى زیاتر هەبێت لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان".
گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان و ئەندامى لیژنەى
مافى مرۆڤ لە پەرلەمانى کوردستان رەخنەى ئەوە دەگرێت کە پاشەکشە دەبینرێت لە پارێزگارى
لە مافى مرۆڤ و ئازادییەکان و ئەوە دەخاتەڕو کە مامەڵەى هێزە ئەمنییەکان مامەڵەیەکى
تەندروست نییە و زۆرجار لە کەیسە جیاوازەکاندا توندوتیژى بەکاردەهێنرێت، دادگاکانیش
لەجیاتى یاساى تایبەتمەند زۆرجار پشت بە یاساى دیکە دەبینن لە یەکلاکردنەوەى کەیسەکاندا
و دەڵێت: راپۆرت و پێشنیاز و بۆچونى خۆمان لەبارەى پێشێلکردنى ئازادییەکان بە سەرۆکایەتى
پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندوە.
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى نە مافى
مرۆڤ وەک پێویست پارێزراوە نە ئازادى دەربڕین و سیاسى و رۆژنامەگەرى و لە
بەرامبەردا پێشێلکارى زەقى یاسایی و ئەمنى هەیە، حکومەت و لایەنە
پەیوەندیدارەکانیش لەبرى رەتکردنەوەى راسپاردەى وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان
لەبارەى پاراستنى مافى مرۆڤ و ئازادییەکان و مافى هاوڵاتیان و بەرقەرارکردنى
دیموکراسییەت، دەبێت چارەسەر بدۆزرێتەوە و کرانەوەى زیاتر هەبێت و وتیشى: لە
هەرێمى کوردستان و لە پێشێلکارییەکانى ئەم پرسەدا کێشەمان لە نەبونى یاسا نییە، بەڵکو
کێشە لە جێبەجێنەکردنى یاسا هەیە.