کۆبونەوەی‌ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان به‌رێوه‌چو

17/03/2019


رۆژی شه‌ممه‌ کۆبونەوەی‌ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکان و دیاریکردنی‌ میکانیزم و پێوەرەکانی‌ دیاریکردنی کاندیدانی‌ گۆڕان بۆ ئەو پۆستانەی لە کابینەی نوێی حکومەت بزوتنەوەکە وەریگرتوە دەستی‌ پێکرد.

دڵخواز کاکەڕەش، سکرتێری‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەبارەوەی‌ ناوەڕۆکی‌ کۆبونەوەکەوە رایگەیاند؛ کۆبونەوەی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ دیاریکردنی‌ پێوەرەکانە بۆ بەربژێرەکان و ئەو گۆڕانخوازانەی‌ دەیانەوێت لەسەر پشکی‌ بزوتنەوەکە لەو پۆستانەدا خزمەت بکەن کە بەرکەوتەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانن لە کابینەی‌ نوێدا.

وتیشی‌:"بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ لە دیاریکردنی‌ پێوەرەکاندا ئەزمون و ساڵانی‌ خزمەت و بڕوانامە و دڵسۆزیی‌ و رەگەز و تەمەن لەبەرچاو دەگیرێن و لەگەڵ کۆمەڵێک پێوەری‌ دیکە و پێوەرەکانی‌ حکومەتیش بۆ بەربژێری‌ ئەو پۆسانە، دوای‌ دیاریکردنی‌ پێوەرەکان دەنێردرێت راسپاردەکانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ دەنێرین بۆ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بۆئەوەی‌ ئەوانیش رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ لە کۆبونەوەی‌ خۆیاندا تاوتوێی‌ بکەن و دواتر بڕیاری‌ لەبارەوە وەردەگیرێت".

پێشتریش کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند؛ سەعات (10)ی سەرلەبەیانی رۆژی‌ شەممە جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی رێکخەری گشتی و ئامادەبونی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بنەما و رێکارانە بۆ دانانی ئەو کەسانەی کە کاندید دەکرێن بۆ ئەو پۆستانەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت وەریگرتوە و ئەو رێکارانەی کە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە پەسەند دەکرێت، دەکرێتە راسپاردە و ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت ".

جڤاتی‌ گشتیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جڤاتێكی‌ راوێژكارییه‌ و پێكدێت له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پسپۆڕێتی‌ و ئه‌زمونی‌ كاری‌ له‌مێژینه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌ستنیشان كراون، كاری‌ ئه‌م جڤاته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ و هه‌روه‌ها پێدانی‌ پێشنیار و راسپارده‌یه‌ به‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.


هەواڵی زیاتر