ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: گۆڕان بەرنامەى گشتگیرى هەبوە بۆ ناوخۆ و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم
26/06/2023
ئەندامێکى جڤاتى
نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان بەرنامەى پتەو و گشتگیرى هەبوە بۆ چارەسەرى دۆخى ناوخۆ
و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، ئێستاش خاوەنى هەمان بەرنامە و
روئیایە و کار بۆ سەرخستنیان دەکات لە چوارچێوەى کارى پێکەوەیی بەتایبەت بۆ ئەو
پرسانەى رەهەندى نیشتیمانییان هەیە، بەڵام لایەنەکانى دەسەڵات گوێیان لەو پڕۆژە و
بەرنامانە نەگرت، بۆیە دۆخەکە بەم ئاستەى ئیستا گەیشتوە.
رۆڤان سەروەت،
ئەندامى جڤاتى نیشتیمان بزوتنەوەى گۆڕان، جەخت دەکاتەوە لەوەى کێشەکانی یەکێتی و
پارتی و ناکۆکییەکانیان لەسەر دەسەڵات و دابەشکارى سامان و پۆست و کورسى بوە،
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاى دروستبونیەوە کۆمەڵێک بەرنامەى هەبوە بۆ ئەو
سێکتەرانەى کارى تێدا کردوە بەتایبەت ئەو بابەتانەى رەهەندى نیشتیمانییان هەیە
لەگەڵ بەدەمەوەچونى داواکارى هاوڵاتیان و بەدامەزراوەییکردن و پەیوەندییەکان لەگەڵ
بەغدا و ناوچە کێشە لەسەرەکان، "
ئەگەر لایەنە
سیاسەکان پێشتر کاریان پێبکردایە رەنگە ئەم دۆخە وەک ئێستا نەبوایە بەڵام بەداخەوە
گوێیان لێنەگرت و کاریان پێنەکرد بۆیە ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش
گۆڕان خاوەنى بەرنامەکانى خۆیەتى و کار بۆ سەرخستنیان دەکات".
پەیوەست بە
ململانێى لایەنە سیاسییەکان، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دەڵێت: ئاساییە لایەنە سیاسیەکان
ململانێ و جیاوازییان هەبێت، بەڵام گرنگە ئەو ململانێیە لەپێناو خزمەتکردنى خەڵک و
پڕۆژەى نەتەوەیی و دامەزراویی و بەهێزکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان بێت، وەک
ئەوەى گۆڕان کە قوربانى داوە لەپێناویاندا، بەڵام لایەنەکانى دەسەڵات ململانێکانیان
لەپێناو بەرژەوەندى خۆیاندایە نەک خەڵک و جارى وا هەیە لایەنە عێراقییەکان یان
وڵاتانى دەرەوە دەکەوێتە نێوانیان".
سەبارەت بە
چارەسەرى دۆخەکە، رۆڤان سەروەت جەخت دەکاتەوە لەوەى گۆڕان چەندین جار نەرمى نواندوە
و هەوڵى داوە کۆکەرەوەى لایەنە سیاسییەکان بێت بە لەبەرچاوگرتنى مافەکانى
گەلەکەمان نەک بەرژەوەندى تایبەت و حیزبى، بەتایبەت پرسى ناوچە کوردستانییە
دابڕێنراوەکان کە خەڵکەکەى هێشتا باجى کوردبون دەدەن، "بۆیە پێویستە ستراتیژێکى
نیشتیمانى هێزە سیاسییەکان کۆبکاتەوە کە بەرژەوەندى خاک و خەڵکى خۆمان تێیدا
ئەولەویەت بێت".