باژێروانى کفرى: وەزیرى داراى و ئاوەدانکردنەوە چەند بەڵێنێک بۆ کفرى جێبەجێ دەکەن

11/07/2023

وەفدێکى شارى کفرى سەردانى چەند وەزارەتێک دەکات و باژێروانى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەزیری دارایی بەڵێنیدا بە ھاوکاری و پشتیوانی پرۆژەکانی شاری کفری دا و ئاماژەی بەوەکرد دەرگای وەزارەتەکە بۆ خزمەتی شاری کفری واڵایە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەش تەواوکاری رێگای دو سایدی (کفری – کەلار) و قیرتاوکردنى چەند گوندێکى پەسەند کرد.

بەمەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتیەکان و داواکارى هاوڵاتییان بۆ بوژانەوەی شارى کفرى، شاندێک بە نوێنەرایەتى شارەکە کە پێکھاتون لە باژێروانی کفری بزوتنەوەى گۆڕان و قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی سەردانی وەزارەتەکانی دارایی و خوێندنی باڵا و ئاوەدانکردنەوەیان کرد.

رۆڤان سەروەت باژێروانى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند: ئامانج لە سەردانەکە ھاوکاری و بوژانەوەی شاری کفری بو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بەڵێنی ھاوکاری و پشتیوانی کۆی پرۆژەکانی دا و ئاماژەی بەوەکرد دەرگای وەزارەتەکە بۆ خزمەتی شاری کفری واڵایە و وەزیری خوێندنی باڵاش کردنەوەی کۆلێژێکی تەکنیکی و پەیمانگایەکی تەکنیکی دوپاتکردەوە.

وتیشى: وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەواوکاری پڕۆژەى رێگای دوسایدى (کفری – کەلار) و قیرتاوی گوندەکانی توکن و عەزیز قادر و رێگای دێلێژەی پەسەند کرد.


هەواڵی زیاتر