گۆڕان: پێویستە خانەنشینی پلە باڵاكان لەوەی بەغدا کەمتربێت

19/03/2019

رۆژنامەی (زەمەن) لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردەوە؛ دوای كاراكردنەوە و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، دوبارە گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی یاسای چاکسازیی موچەو خانەنشینی دەبێتەوە كاری لەپێشینەی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیش پڕۆژەی نوێیان بۆ چاكسازیی دەبێت.

لە كۆبونەوەی رۆژی (27/2/2018)ی خولی رابردوی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای "چاكسازیی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازانەكان لە هەرێمی كوردستان" پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی دروستبونی ناڕەزایەتی و كاردانەوەی شەقام و خەڵك، چوار رۆژ دواتر، هەر خودی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی پێدرا بۆ رەتكردنەوەی یاساكان، یاساكەی رەتكردەوە و دوبارە ناردیەوە بۆ پەرلەمان، تا كۆتایی خولەكەش ئەو یاسایە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە رۆژنامەی "زەمەن"ی راگەیاند: تا حكومەت كارا نەبێت، یاسای چاكسازیی دەرناچێت، چونكە رەهەندو ئیلتیزاماتی دارایی هەیە و ئەوەش پێویستی بە حكومەت هەیە".

ئاماژەی بەوەكرد؛ یاساكەی پێشو، كە پەسەند كراوە سفر بوەتەوە و هەندێك بڕگەی دیكەی هەیە دەبێت بچەسپێنرێت، بۆ ئەوەش دەبێت پڕۆژەكە دوبارە لە حكومەتەوە بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان".

خولی رابردوش دوای پەسەندكردنی یاساكە، فراكسیۆنی گۆڕان جەختی لەسەر نەهێشتنی خانەنشینی پەرلەمانتارو جێبەجێكردنی یاسایی خانەنشینی یەكگرتوی عێراق كردوە، كە بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق سەرجەم پلە تایبەتەكانیش وەك فەرمانبەرانن بۆ خانەنشینبون، لانیكەم خانەنشین دەبێت تەمەنیان (50) ساڵ بێت و (15) ساڵ خزمەتیان هەبێت، هەروەها هەمو ئەو كەسانەی بەنایاسایی خانەنشینكراون بە پلەی باڵاو پلەی سەربازی و ئیداری، بەبێ ساڵی خزمەت و بەشێوەی نایاسایی، دەخرێنەوە باری یاسایی و هەمو ئەوانەی بە نایاسایی ساڵی خزمەتیان بۆ ئەژماركراوەو پلەیان بەرزكراوەتەوە دەگەڕێندرێنەوە سەر بارە یاساییەكەی.

فراكسیۆنەكە جەختی كردەوە، كە دەبێت كەمترین موچەی خانەنشینی (400) هەزار دینار بێت لەگەڵ، یەكخستنەوەی موچەی كەسوكاری شەهیدان و نەهێشتنی ئەو جیاوازییەی كە هەیە، لەگەڵ پاككردنەوەی لیستی شەهیدان و خانەنشینان و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی و خاوەنپێداویستی تایبەت لە خەڵكی ناشایستە.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان پێداگریی لەسەر هەڵوێستەكانی پێشو كردەوەو رایگەیاند: پڕۆژەیاسای چاكسازیی دەستكاریی دیكە دەكرێت، چونكە بەڕونی چارەسەری بندیواری سەربازیی و بندیواری وەزارەتەكانی نەكردبو.
وتیشی :"دەبێت رونتر چارەنوسی پرسی موچەی پاشەكەوتكراو دیاری بكرێت، بەجۆرێك بڕەكەی جێگیربكرێت لە ئەژماری بانكی و فەرمانبەران بتوانن لەبری كرێی خزمەتگوزاری و باج و روسومات سودی لێوەربگرن، هەروەها مانگانە بە رێژەیەك لەو پاشەكەوتە بدرێتەوە، ئەوەش پێویستی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەیە".
عەلی حەمەساڵح، جەختیكردەوە كە پێداگریی دەكەن لەسەر یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق، لەگەڵئەوەشدا بەپێویستی دەزانن خانەنشینی پلە باڵاكان لەوە كەمتریش بێت كە لەبەغدا دیاریكراوە.

دەقی یاداشتی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی


هەواڵی زیاتر