رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە فراکسیۆنى گۆڕان لە خولى پێنجەمى پەرلەمان بەڕێوەچو

05/08/2023

رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ سەربارى ئەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان بە رەوشێکى ناخۆش و ئاڵۆز تێپەڕى، بەڵام فراکسیۆنى گۆڕان و پەرلەمانتارەکانى ئەوەى لە توانایاندا بوە بەرگرییان لە خەڵکى کوردستان و مافەکانیان و عەدالەت کردوە و چاودێرێکى جددى بون بەسەر دامەزراوەکانەوە.

ئەمڕۆ شەممە (٢٠٢٣/٨/٥)، لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى، بە ئامادەبوونى مستەفا سەید قادر، ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى، رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە فراکسیۆنى گۆڕان لە خولى پێنجەمى پەرلەمان و تیمى گۆڕان لە پەرلەمان بەڕێوەچو.

کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى رێوڕەسمەکە و هەڵسەنگاندنى ئەداى فراکسیۆنەکە و پەرلەمانتارانى گۆڕان رایگەیاند: لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان رەوشێکى ناخۆش و ئاڵۆز هەبو ئەرکەکە لەسەر پەرلەمانتارت قورس بو، چ بۆ نوێنەرایەتى خەڵک چ بۆ چاودێرى حکومەت و دامەزراوەکان، سەربارى ئەو ناهەمواریەى هەبو، پێمانوایە پەرلەمانتارانى ئێمە و فراکسیۆنەکەمان ئەوەى لە توانایاندا بوە بەرگرییان کردوە لە خەڵکى کوردستان و مافەکانیان و لە عەدالەت، توانیویشیانە چاودێربن بەسەر دامەزراوەکانەوە، بۆیە ئەم مەراسیمەمان رێکخستوە بۆئەوەى هەم سوپاسیان بکەین و هەم هەڵسەنگاندن بکەین و بیر لە نەخشە رێگایەکیش بکەینەوە بۆئەوەى گۆڕان بخرێتەوە سەر رێگەى خۆی، چونکە دەرکەوت بە خراپى دۆخى گۆڕان، چ بۆشاییەک لە بەرگرى لە مافى خەڵک دروستبوە.

لاى خۆیەوە شاخەوان رەئوف بەگ، ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆظران رایگەیاند: خولێکى ئاڵۆز بو بۆ کارکردن، بەڵام ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە بەپێى توانامان کارمان کردوە و ئامادەییمان هەبوە، "ئومێد و هەوڵى زۆرمان هەبو، تاڕدەیەکى زۆر توانیمان بەشێک لەو بەرنامانەى هەمانە لە بەرژەوەندى خەڵک کارى لەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە هەستمان کرد هەوڵ و پلان هەبو بۆئەوەى هەندێک لەو پڕۆژانەى ئێمە دەمانەویست تێپەڕن و کارى لەسەر بکرێ لە بەرژەوەندى خەڵک، بە ئەنجام نەگات و نەیانهێشت تێپەڕێ لەوانە هەموارى یاساى خانەنشینى هێزەکانى ناوخۆ و ئاسایش کە لەبەرژەوەندى ئەو توێژە بو".

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر