رزگار حەمەنەگڕەیی: خواستى بزوتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانان رێکخستنەوە و یەکخستنى هێزى پێشمەرگەیە

06/08/2023

رزگار حەمە نەگڕەیی رایدەگەیەنێت؛ سەرباى هەوڵە زۆرەکان و فشارى دڵسۆزان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە، بەڵام پارتى و یەکێتى هیچ هەنگاوێکیان بۆ یەکخستنى هێزى پێشمەرگە نەناوە، تەنانەت دۆخى ناو وەزارەتى پێشمەرگە باش نییە، بۆیە پێویستە دەستى حیزب لە وەزارەت و هێزى پێشمەرگە دوربخرێتەوە و چاکسازى بکرێت، ئەگەرنا ئەنجامێکى باشى نابێت.

رزگار حەمە نەگڕەیی، بڕیاردەرى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە خولى پێنجەمى پەرلەمان لە فراکسیۆنى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات لیژنەکەیان بە درێژایی خولى پێنجەمى پەرلەمان هەوڵى رێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و باشترکردنى دۆخى پێشمەرگەیان داوە، بەڵام پارتى و یەکێتى گوێیان نەکردوە و هیچ هەنگاوێکیان بۆ یەکخستنى هێزى پێشمەرگە نەناوە، تەنانەت دۆخى ناو وەزارەتى پێشمەرگە باش نییە، دەستوەردانى حیزبى لە هێزى پێشمەرگە و وەزارەت هەیە، لەبرى هێزى نیشتیمانى و دامەزراندنى دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان لە پسپۆرییەکان لە ریزەکانى هێزى پێشمەرگە، هێزى یەدەگ دروست دەکەن و بەشێک لەو هێزانە فەرمان لە حیزب و ئەشخاس وەردەگرن وەک ئەوەى لە روداوەکانى رابردودا بینیومانە.

رزگار نەگڕەیی، جەخت دەکاتەوە لەوەى خواستى هاوپەیمانان و لیژنەى پێشمەرگەى پەرلەمان و بزوتنەوەى گۆڕان چاکسازى و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەیە، بەڵام نەیانبینوە چاکسازى لەناو هێزەکانى پێشمەرگە بکرێت و رێکبخرێنەوە و ژمارەی دروستیان بزانرێت و لیستى پێشمەرگە پاک بکرێتەوە لە ناعەدالەتى، جیاوازى نەکرێت لەنێوانیاندا بەهۆى بیر و راى سیاسییەوە، هۆشداریش دەدات لەو دۆخە و دەڵێت: چاکسازى نەکردن ئەنجامێکى باشى نابێت و مەترسییەکى گەورەیە، چونکە ئەگەر بەهۆى گوێنەگرتن لە هاوپەیمانان هاوکارییەکان ببڕدرێن کارەسات رودەدات.

دەشڵێت: ئەگەر پارتى و یەکێتى هەر ململانێیەکیان هەیە، ناکرێت تێکەڵى بکەن بە هێزی پێشمەرگە، پێویستە دەستى حیزب لە وەزارەت و هێزى پێشمەرگە دوربخرێتەوە.


هەواڵی زیاتر