جڤاتى گشتى پشتیوانى بۆ بەڕێوەبەرى پۆلسى هاتوچۆ دوپات دەکاتەوە
07/08/2023
جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانى بۆ بەڕێوەبەرى نوێى
پۆلیسى هاتوچۆى سلێمانى دوپات دەکاتەوە لە پێناو جێبەجێکردنى ئەرکەکان بۆ خزمەتکردنى
زیاترى هاوڵاتیان، بەڕیوەبەرى هاتوچۆش دەڵێت: لە ئەجێنداى
کارى خۆم و کارەکەشدا هاوڵاتى سەنتەرە، ئەوەى لە ئەستۆى ئێمەیە ئەرکە بۆ خزمەت و پاراستنى
ژیانى خەڵک و کەمکردنەوەى روداوەکان.
ئەمڕۆ دوشەممە (2023/8/7)، شاندێکى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى
گۆڕان بۆ پیرۆزبایی دەستبەکاربونى عەمید ئاسۆ محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەرى نوێى پۆلیسى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى سەردانیان کرد، لەو
بارەیەوە ئەندامێکى جڤاتى گشتى رایگەیاند: بۆ پیرۆزبایی و پشتیوانى لە سەرخستنى کارەکانیان و خزمەتى زیاترى هاوڵاتیان
و شۆفێران سەردانى عەمید ئاسۆمان کردوە و "هیوادارین بتوانێت لە چوارچێوەى ئامانج
و بەرنامەى سیاسیى بزوتنەوەى گۆڕان کە بۆ خزمەتى خەڵک و شارەکە و تەواوى
هاونیشتیمانە، خزمەت بکات و تواناکانى بەگەڕ بخات".
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش ئاسۆ محەمەد ئەمین کە لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕان ئەو پۆستەى وەرگرت، رایگەیاند: هیوادارم
بتوانم خزمەتێکى زیاتر بە دانیشتوانى ئەم پارێزگایە و شۆفێران بکەین و سیستەمێکى
باش پەیڕەو بکەین، "چونکە لە ئەجێنداى کارى خۆم و بەڕێوەبەرایەتیەکەشدا
واى دەبینم هاوڵاتى سەنتەرە، ئەوەى لە ئەستۆى ئێمەیە ئەرکە بۆ خزمەتى خەڵک و کەمکردنەوەى
روداوەکانى هاتوچۆ و پاراستنى ژیانى خەڵک و کەمکردنەوەى سەرپێچى، دەمانەوێت
بەشێوەیەک مامەڵە بکەین سەر و ماڵى خەڵک سەلامەت بێت، ئامانجى سەرەکى من پاراستنى
ژیانى هاوڵاتیانە بۆیە داوا دەکەم شۆفێرانیش پابەندى رێنماییەکانبن کە بۆ
بەرژەوەندى و پاراستنى ئەوانە، چونکە بەداخەوە روداوەکانى هاتوچۆ قوربانى زۆرى
لێکەوتوەتەوە ئەرکى هەمومانە کاربکەین و پابەند بین بۆئەوەى ئەو روداوانە کەم
بکەینەوە".
فۆتۆ: بڕیار نامیق