رەزامەندى بۆ وەرگیرا .. دو پڕۆژەى رێگاوبان بۆ کفرى جێبەجێ دەکرێن

28/08/2023

لەسەر داواکارى خۆپیشاندەران و مانگرتوانى کفرى و دواى نوسراوى فەرمى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، دوو پڕۆژەی رێگاوبان لە سنووری قەزای کفری بە تێچوى زیاتر لە حەوت ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن.

دواى ئەوەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند دەستیان بە جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانە کردوە کە پێشتر بە مانگرتوانى کفرییان داوە و لەو چوارچێوەیەدا بەشى یەکەمى قیرتاوکردنى رێگاى دێلێژە دەستى پێکرد، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نوسراوى فەرمى ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران کرد، رەزامەندى وەرگیراوە بە دروستکردن و قیرکردنی رێگای  (دوانزە ئیمام – قەرەبڵاغ)، بە تێچوی زیاتر لە شەش ملیار دینار و رێگای (دێلێژە – سەنگاو) بە بڕی یەک ملیار دینار.

ئەو پڕۆژانە بەشیکن لە داواکارییەکانى مانگرتوانى کفرى کە بۆ ماوەى زیاتر لە یەک مانگ هاتنە سەرشەقام و داواى جێبەجێکردنى کۆمەڵێک پڕۆژە و رەخساندنى هەلى کاریان کرد و وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لە پشکى گۆڕان یەکەم وەزیرى حکومەت بو سەردانى کردن و بەڵینى جێبەجێکردنى داواکارییەکانى پێدان، دواتریش وەزیرى داراى و کاروبارى کۆمەڵایەتیش سەردانیان کردن و بەڵینى جێبەجێکردنى ئەو داواکارییانەیان دا کە پەیوەستە بە وەزارەتەکانیانەوە.

پێشتریش رۆڤان سەروەت باژێروانى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ سایتى گۆڕان لەگەڵ ستایشى بەدەمەوەهاتنى داواکارییەکانى خەڵکى کفرى، رایگەیاند: لەگەڵ ستایشمان بۆ هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى بەڵێنەکان، دوپاتى دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە بەدواداچون و چاودێریکردنى جێبەجێکردنى کۆى ئەو بەڵینانەى بە خەڵکى کفرى دراون.


هەواڵی زیاتر