وێنە؛ شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریی پرسەى قوربانیانى روداوەکانى کەرکوک دەکات

03/09/2023

شاندێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریی پرسەى قوربانییەکانى ئاڵۆزییەکانى کەرکوک دەکات و وتەبێژى بزوتنەوەکەش رایدەگەیەنیت؛ بە دڵتەنگى و نیگەرانییەکى زۆرەوە لەم روداو و قوربانیدانانە دەڕوانین و مامەڵەى هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکان توندوتیژ و نابەرپرسیارانە بو، رەخنەش لە پارتى و یەکێتى دەگرێت کە ناکۆکى و ململانێ حیزبییەکانیان بردە کەرکوک و دەڵێت: پێویستە پارتى و یەکێتى کەمێک هەست بە بەرپرسیارێتى نیشتیمانى و نەتەوەیی بکەن.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان دواى بەشداریکردنى شاندەکە لە پرسەى قوربانییەکان رایگەیاند: بە دڵتەنگى و نیگەرانییەکى زۆرەوە لەم روداو و قوربانیدانانە دەڕوانین، هاتوین لە نزیکەوە لەناو کوردى کەرکوک بین و لەگەڵ گەیاندنى هاوخەمى بۆ خانەوادەى قوربانییان، پشتیوانى خۆمان بۆ دۆزى رەواى کورد لە کەرکوک و ئەم ناوچانە دوپات بکەینەوە.

پەیوەست بە روداو و ئاڵۆزییەکان، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان وتى: ئەوانە کێشەى دروستکراون، پێکهاتەکان مێژویەکى دورودرێژ و ئاشتەواییان هەیە لەم شارەدا، ئەوەى لە کەرکوک رودەدات بۆشایی ئەمنییە و پێویستە هێزە ئەمنییەکان سەرجەمى پێکهاتەکان و هاوڵاتیان بپارێزن، بەڵام بەداخەوە مامەڵەى هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا توندوتیژى و فیشەکى زیندو بووە، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتى زۆر بە زەبر و زەنگتر نەیتوانیوە کورد لەم شارە بسڕێتەوە.

هەروەک رەخنە لە هەڵوێستى چەند ساڵەى یەکێتى و پارتى دەگرێت کە "بەهۆى مامەڵەى نابەرپرسیارانەوە نەیانتوانى حوکمڕانییەکى تەندروست لەنێو پێهاکاتەکان بکەن، ئیستا کاتى ئەوەیە پارتى و یەکێتى کەمێک هەست بە بەرپرسیارێتى نیشتیمانى و نەتەوەیی بکەن، بەرپرسیارى حکومەتى ئیتیحادیشە کە تەقەکەرانى خۆپیشاندانەکان روبەڕوى یاسا بکاتەوە و دۆخى شارەکە ئارام بکرێتەوە".


هەواڵی زیاتر