شاخەوان رەئوف بەگ: نەبونى وەزیرى پێشمەرگە گرفتی دروستکردوە

24/09/2023

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، نەبونی وەزیری پێشمەرگە گرفتی دروستکردوە و لە ئێستادا هاوپەیمانان تا رادەیەك هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کەمکردوەتەوە.
 
شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان، راگەیاند: رێککنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی وەزیری پێشمەرگە بۆشاییەکی گەورەی دروستکردوە و کێشەکان لە زیادبوندان و ناتەبایی دروستبوە لە وەزارەتدا و گرفتەکانیش رو لە هەڵکشانن و ئەوەش کەمتەرخەمی هەردولایەنە کە کار گەیشتوەتە ئەوەی بە ئاشکرا لە میدیاکان باس لە ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەم بابەتە دەکەن.

لە بارەی لێکەوتەکانی نەبونی وەزیری پێشمەرگە، ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: هەرێمی کوردستان لە هەر چوار لاوە گەمارۆی لەسەرە و گەمارۆی سیاسی و سەربازى لەسەرە بەشێوەیەک بە ئاشکرا لەشکرکێشى بۆ سەرسنورەکان و بۆردومانى درۆن و تۆپخانەکان هەیە، حکومەتی عێراق بە ئاشکرا هێز بۆ ناوچە سنورییەکان دەجوڵێنێت و دەستوەردەداتە ناوچە جێناکۆکەکان.

سەبارەت بە بوچونی هاوپەیمانان پەیوەست بەو بابەتە، شاخەوان رەئوف بەگ دەڵێت: هاوپەیمانان بە لایانەوە گرنگە وەزیری پێشمەرگە لە زوترین کاتدا دابندرێت و ئەوان نازانن هەڵسوکەوت لەگەڵ کێدا بکەن و چۆن بابەتی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ بکەن کە  گرفتی بۆ دروستکردون، چەندین جار هاوپەیمانان جەختییان لەوەکردوەتەوە کە پێویستە وەزیری پێشمەرگە هەبێت و ئەم بابەت یەکلایی ببێتەوە و بەپێی زانیارییەکان تا رادەییەك هاوکارییەکانیان راگرتوە.


هەواڵی زیاتر