عەلی حەمە ساڵح: کاری لە پێشینەمان یاسای چاکسازییە

27/03/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کاری لە پێشینەیان پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە لە موچە و خانەنشینی و هۆکاری سەرەکیی بەشدارییکردنی گۆڕانیش لە حکومەت بۆ
چاکسازییە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: کۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر پشکی
هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و پابەندیی دارایی  و رێکخستنەوەی داهاتەکانی ناوخۆی هەرێم.

وتیشی :"رێککەوتون لەسەر ئەوەی لە مانگی یەکەمی کارەکانی حکومەتدا پڕۆژەی چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی جێبەجێبکرێت، بۆ ئەوەش زەمینەسازی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی لەناو پەرلەماندا
رێککەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازیی بکرێت".

ئاماژەی بەوەکرد؛ بەپێی رێککەوتنی گۆڕان و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و بەپێی پڕۆژەی چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی، سەرجەم خانەنیشینییە نایاساییەکان و ئەوانەی دو موچە و سێ موچەیان هەیە هەڵدەوەشێتەوە، خانەنشینی پلە باڵا بەو شێوازەی پێشتر هەبوە نامێنێت و هەڵدەوەشێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختیکردەوە؛ بۆ پاشەکەوتی موچەش رێککەوتن کراوە، لە قۆناغی یەکەمدا جێگیری دەکەن کە هەر فەرمانبەرێک چەند موچەی لای حکومەت هەیە بۆی دەکرێتە ژمارە حسابێک و قۆناغی دوەم ئەوەیە قەرزەکانی بدرێتەوە و قۆناغی سێیەم ئەوەیە هەر مانگێک رێژەیەک لە پاشەکەوتی موچەکەی بگەڕێنرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسایەکدا رێکدەخرێتەوە کە
پێیدەوترێت یاسای چاکسازی لە موچە و خانەنشینی.

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەکرد؛ دڵنیان کە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام نایانەوێت بڵێین ئەو پڕۆژەیە تەنها هی گۆڕانە، بەڵکو دەیانەوێت ببێتە پڕۆژەی هەمو لایەنەکان، چونکە ئامانجی
گۆڕان ئەوەیە پڕۆژەکە بڕوات و (50%)ی هۆکاری بەشدارییکردنی گۆڕان لە حکومەت بۆ چاکسازیی بوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتیشی :"ماوەیەک دیاریی کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و کۆی دۆسیەکەش پەیوەندیی بە هەشت وەزارەتەوە هەیە و (23) بەشە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان
گۆڕان و پارتیدا هەیە دوای هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، یەکەم یاسا کە جێبەجێ و چاودێریی دەکەین چاکسازیی موچەیە".


هەواڵی زیاتر