جڤاتى گشتى: حکومەتى هەرێم و تیمى گۆڕان هەوڵەکانیان بەگەڕبخەن بۆ دەستەبەرکردنى موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان

19/10/2023

جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لە پێویستى بەگەڕخستنى هەوڵەکان لەلایەن حکومەتى هەرێم و تیمى گۆڕان، بۆ دەستەبەرکردنى شایستە داراییەکان و موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان و هەوڵەکانى بزوتنەوەى گۆڕانیش بۆ خۆڕێکخستنەوە دوپات دەکاتەوە بەئامانجى ئەوەى بزوتنەوەکە ببێتەوە جێى ئومێد و وەڵامدەرەوەى پێداویستى و خواستى توێژەکانى کۆمەڵگە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (19/10/2023)، کۆبونەوەى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە مەکۆى سەرەکى بەڕێوەچو، تێیدا چەند تەوەرێک گفتوگۆیان لەسەرکرا و راسپاردە و پێشنیازى پێویستیان لەبارەوە گەڵاڵەکرا و ئاڕاستەى جڤاتى نیشتیمانى کران.
تەوەرى یەکەمى کۆبونەوەکە: پەیوەستبو بە دۆخى ئیدارى و سیاسى هەرێمى کوردستان.

کۆبونەوە جەختى کردەوە کە پێویستە بۆ ئەو کێشە داراییانەى لەنێوان هەرێم بو بەغدا هەیە، حکومەتى هەرێمى کوردستان تیمى وزارى بزوتنەوەى گۆڕان هەمو هەوڵى خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو دەستەبەرکردن و دابینکردنى شایستە داراییەکان و موچە بە فەرمانبەران و مامۆستایان لەکاتى خۆیدا، بۆئەوەى بتوانرێت داواکارى مامۆستایان و وانەبێژان دابینبکرێت و پڕۆسەى خوێندن دەستپێبکاتەوە.

تەوەرى دوەمى کۆبونەکە: پەیوەستبو بە دۆخى رێکخراوەیی و بابەتى خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانى هەرێمى کوردستان هەڵوەستەى لەسەرکرا.

ئەو بابەتانەش کە پەیوەندى بە دۆخى ناوخۆیی و خۆڕێکخستنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و پرسى کۆنفرانسى نیشتیمانى هەیە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بەرچاوڕونى درایە ئەندامانى جڤاتى نیشتیمانى و قۆناغى کرداری خرایە بەرباس، هاوکات جەختکرایەوە لەوە؛ پێویستە بزوتنەوەى گۆڕان بەرمەبناى پێداویتسییەکانى کۆمەڵگەکەمان خۆى رێکبخاتەوە و ببێتەوە جێى ئومێد و وەڵامدەرەوەى پێداویستى و خواستى توێژەکانى کۆمەڵگە و پڕۆسەى سیاسى.

جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتێکی راوێژکارییە و گفتوگۆ لەسەر پرسە ناوخۆیی و رێکخراوەییەکانی گۆڕان دەکات و سەرنج و راسپاردە و پێشنیار ئاراستەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەکە دەکات بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت، لەوچوارچێوەیەشدا بڕیارە رۆژى شەممە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بەڕێوەبچێت.

 

فۆتۆ: بریار نامیق


هەواڵی زیاتر