جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت
15/11/2023
ئەمڕۆ چوارشەمە (١٥ی ١١ی ٢٠٢٣)، جڤاتى
نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوەى تەواوکارى خۆى ئەنجامدا و بڕیاردرا بەپێى ڕێکارەکانی
دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت..
کارنامەى کۆبونەوەکە، تەواوکردنی تەوەرەکانى
کۆبونەوەى رۆژى (٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣)ی جڤات بو، کە تێیدا تاوتوێى پەرەسەندنە سیاسییەکانى
هەرێم، عێراق و ناوچەکە و کاریگەرى ئەو هەلومەرجە سیاسییە لەسەر پڕۆسەى سیاسى هەرێمى
کوردستان و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان کرا.
دۆخى سیاسى و ئیدارى و دارایی و یاسایی
هەرێمى کوردستان و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانى، چارەسەرکردنى کێشە
یاسایی و سیاسییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتحادى، بەتایبەت دۆزینەوەى ڕێگەچارەى
گونجاو بۆ قەیرانى دارایی و باشکردنى بژێوى هاوڵاتیان و موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان،
لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ نوێکردنەوەى ڕەوایەتى
سیاسى و لابردنى ئاستەنگەکانى بەردەم دامەزراوە شەرعییەکان.
لەبارەى دۆخى ڕێکخراوەیی بزوتنەوەى
گۆڕان و ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناغى نوێ، جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا، یەکەم:
پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ کارەکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی
بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوامى هەبێت و هەمووان بەیەکەوە شان بدەینە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەی
لە ئەستۆمانە بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان. دووەم: بەپێى ڕێکارە دەستورییەکان خانەى ڕاپەڕاندن
هەڵبژێردرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى جڤاتى نیشتیمانی و لە پێکهاتەکەیدا
ڕەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتى گەنجان و ئافرەتان
بکرێت. سێیەم: تەواوکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى و خۆئامادەکردن
بۆ قۆناغى داهاتوو و ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوانەى روبەڕومان دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، جەختکرایەوە لە سەر جێبەجێکردنى
ستراتیجى سیاسیی بزوتنەوەى گۆڕان، وەک بزوتنەوەیەکى جەماوەرى مەدەنى پشتئەستور بە
هاوڵاتییان دور لە نەریتى بنەماڵە و تەوریسى سیاسیى؛ هەل بڕەخسێنێت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک
بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتى داخوازى و کێشەکانى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى
کوردستان بکات.
جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان
١٥ی ١١ی ٢٠٢٣