ئاراس وەلى: خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بۆ دەربازکردنى هەرێم لە قەیرانەکان

02/04/2019

ئەندامێکى جڤاتى نیشیتمانى بزوتنەوەى گۆڕان دوپاتى دەکاتەوە کە هەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنى سیستمى پەرلەمانییە و دەڵێت:"خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بۆ دەربازکردنى هەرێمى کوردستان لە قەیرانەکانى (28)ساڵى رابردو، وە سیاسەتکردن بە مۆدێلێکى مەدەنى کە هاوڵاتییان لە سایەیدا بحەسێنەوە".

ئاراس وەلى ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لە لێدوانێکدا بۆ (سبەى) رونى دەکاتەوە کە گۆڕان لە دروستبونیەوە تائێستا ئامانجى حیزبى و شەخسى نییە و ململانێى سیاسى و پێداگرییدەکات لەسەر کۆمەڵیک پرەنسیپ و بنەماى دیموکراسى و بەردەوام دنیابینى و قسە و پرۆژە و پاکێجى هەبوە لەسەر پرسى دەستور و دەسەڵاتەکان و جۆرى حکومڕانى و چاکسازى
و دەڵێت: "بەشێوازى جۆراو جۆر ئەو پرسانەمان جوڵاندوە".

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى ئەوە دەخاتەڕو کە ئامانجى گۆڕان و سیاسەتى بزوتنەوەکە ئەوەیە کە مۆدێلى حکومڕانى ئەم وڵاتە بەرە و سەربەخۆى و سەروەر بون ببات کە هاوڵاتى سەرفرازانە و خۆشبەختانە تێیدا بژین، چونکە دۆخى ئیستاى کوردستان و قەیرانەکان ئەنجامى حکومڕانى (28) ساڵى رابردوە کە پارتى ویەکێتى لێى بەرپرسیارن و دەڵێت:" لە دە ساڵى رابردودا گۆڕان تەنها لەبەر تێپەڕاندنى قەیرانەکان و باشکردنى ژیانى خەڵکى کوردستان هەوڵى داوە و بۆئەوەش تەنانەت پڕۆژەمان پێشکەشى لایەنەکانى دەسەڵات کردوە، ئەو رێککەوتنە سیاسیانەى ئەنجانمیشمانداوە لەو
چوارچێوانەدا بوە".

هەروەک دوپاتى دەکاتەوە رێککەوتنیى سیاسى نێوان بزوتنەوەکە و پارتى دیموکراتى کوردستان بە ئامانجى هێنانە کایەى سەقامگیرى سیاسى و لێکتێگەیشتن بوە بە گۆڕینى سیستمى حکومڕانى و ئەنجامدانى چاکسازى و بەهێزکردنى پێگەى هەرێم و باشکردنى دۆخى هاوڵاتیانى کوردستان.

ئەوەش رون دەکاتەوە کە زۆرینەى خەڵکى کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانى رێککەوتنى نێوان لایەنە سیاسییەکان و دورکەوتنەوەن لە نائارامى و و دەڵێت:" رێککەوتن جیایە لە سازش و تەسلیم بون، ئێمە پێمانوایە باشترین رێگا بۆئەوەى لەم قەیرانە رزگارمان بێت ئەوەیە کە رێکبکەوین، چونکە خۆمان بە بەرپرسیار
دەزانین بۆ دەربازکردنى هەرێمى کوردستان لە قەیرانەکان".

لەبارەى پڕۆژەى هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێمەوە، ئاراس وەلى کە ئەندامى شاندى دانوستانکارى بزوتنەوەکە بوە دەڵێت:"دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتیش بوەتە قەیرانێکى نوێ، بۆیە پێویستە چارەسەر بکریت و پەلە بکرێت لە پێکهێنانى بۆ ئەوەى کارنامەکەى کە خۆى لە چاکسازى گشتگیر و باشکردنى ژیانى خەڵک دەبینێتەوەجێبەجێ بکرێت، هاوکات هەموارى یاساى سەرۆکایەتى بەشێوەیەکە کە سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت چونکە کاتێک پەرلەمان متمانە دەداتە کابینەى حکومەت و سەرۆکى حکومەت و وەزیرەکان و سەرۆکى هەرێمیش هەر پەرلەمان دەتوانێت بانگهێشتیان بکات و باڵانسى هێز دروست دەبێت".

دوپاتیشى دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان ویستى ئەوەى هەیە لە دەستوردا سیستمى حکومڕانى بەشێوەیەک جێگیر بکرێت کە هاوشێوەى سیستمى حکومڕانى بەغدا بێت.


هەواڵی زیاتر