ژووری ڕەوەندی کوردی دەرەنجامەکانی دوهەمین کۆنفرانسی نیشتمانی تاوتوێ دەکات

03/02/2024

ژورى رەوەندى کوردى بڕیار و راسپاردەکانى دوهەمین کۆنفرانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان تاوتوێ دەکات و ئامادەکارییەکان دەستپێدەکات بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەپێ ئەو گۆڕانکارییانەى لە دەستورى ناوخۆدا پەسەند کرا و ژمارەى نوێنەرەکانیان لە جڤاتى نیشتمانى زیادکرا.

لە کۆبونەوەکەدا سیروان محەمەد، بەرپرسی پەیجوری ژووری رەوەند ئەجێندای کۆبونەوەکەى بۆ ئامادەبوان رونکردەوە و دواتر فوئاد جەمال سەرپەرشتیارى ژورى رەوەند کە هاوکات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبردنى کارەکانى دوهەمین کۆنفرانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بو، بە وردی باسی لە ڕاپۆرتی شەش لیژنەی ئامادەکار کرد کە لە سێ رۆژى کۆنفرانسی نیشتمانی خوێندرانەوە و بە وردى گفتوگۆکران و بە زۆرینەى دەنگى ئەندامان بڕیار لەسەر هەموار و گۆڕانکارییەکان درا.

هاوکات لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لە دیدگا و گرنگیدانى بزوتنەوەی گۆران کرایەوە بۆ رەوەندى کوردى کە هەر لەو چوارچێوەیەدا شەش ئەندامی جڤاتی نیشتمانییان بۆ دیاریکراوە و داوا لە ئۆرگانەکانی دەرەوە کرا کە بەزووترین کات ئاماری خۆیان ئامادەبکەن بۆئەوەی پشتبەست بە دەستوری ناوخۆی پەسەندکراوى بزوتنەوەی گۆڕان، لەنزیکترین کاتدا هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە گۆشەکان بەڕیوەبچێت.

لە کۆبونەوەکەدا کە زیاتر لە دو سەعاتى خایاند، ئامادەبوان بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان کرد و لەگەڵ خستنەڕوى پرسیار و پێشنیازەکانیان، بەگەڕخستنى هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنى بڕیار و راسپاردەکانى کۆنفرانس و ئامادەکارى بۆ قۆناغى نوێ و روبەڕوبونەوەى ئاڵنگارییەکانیان دوپاتکردەوە.


هەواڵی زیاتر